ئاژانسی کوردپا: بەپێچەوانەی بەڵێنیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ کۆنتڕۆڵی نرخەکانی بازاڕ، نرخی پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتیان لە رۆژانی نەورۆزدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی گرانبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نرخی میوە و سەوزە لەئیلام ئەمڕۆ دووشەممە ریکەوتی ٥ی خاکەلێوە بەبەراورد لەگەڵ رۆژانی رابردوو گرانییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەشێوەیەک کە نرخی هەر کیلۆیەک تەماتە لە مەیدانی "کشوەری" ٤٠٠٠ تمەن و لە نێو "پارکینگی شارەوانی"دا ٤٨٠٠ تمەن فرۆشراوە.

هاوکات نرخی زۆربەی میوەکان لە شارەکانی "سیروان" و "ئەیوان"ی سەربە ئوستانی ئیلام لە رۆژانی رابردوودا، هەر کیلۆ زیاتر لە ٤٥٠٠ تمەن بووە و سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتیان، نرخی میوە نەورۆزییەکان ئەمڕۆ هەر کیلۆیەک بۆ ٥٠٠٠ تمەن روویان لە زیادبوون کردووە.

هاووڵاتیانی ئوستانی ئیلام لەسەر ئەو باوەڕەن کە، نرخەکانی نێو بازاڕ کۆنتڕۆڵ ناکرێن و لە ئەنجامدا نرخی پێداویستیی هاووڵاتیان رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیاد بوون دەکات.