حەفتەی چوارەمی مانگی رەشەممەی ١٣٩١
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا بانگهێشتی ئازەر تاهیرئابادی بۆ وەزارەتی ئیتلاعات، خۆکوشتنی کچێک لە شاری سەردەشت، کوژرانی ژنێک لە سەوڵاوا، دەرکرانی کچە خوێندکارێک لە زانکۆ، خوۆکوژیی کچە خوێندکارێک لە ئیسلام ئابادی غەرب، مردنی ژنێکی کارتۆن خەو لە مەشهەد، دەستبەسەر کردنی کچە خوێندکاریکی وێبلاگنووس، خۆسووتاندنی ژنە نووسەرێک پاش ئازاد کران لە زیندان و ئازاد کرانی عەسەل ئیسماعیلزادە تاووتوێ دەکرێت.
کوردستــــــــــــــــــــــان
بانگهێشتی ئازەر تاهیر ئابادی بۆ دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعات

چەند رۆژ پێش ئیستا "ئازەر تاهیرئابادی" رۆژنامەنووس هاوکاری حەفتەنامەی "غەرب" و ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، لەلایەن دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری تارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
ئەو چالاکە فەرهەنگییەی خەڵکی شاری "کەنگاوەر"ی سەربە ئوستانی کرماشانە کە بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها نووسینی وتار بۆ رۆژنامە و ماڵپەڕەکان، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هۆشداری پێدرابوو.
ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی "سرای اهل قلم"ـە کە لە ١٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لە تاران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
خۆکوژی کچێک لە شاری سەردەشت

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکرانەوە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری سەردەشت دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممە کچێک بەناوی "پەروین رەسووڵزادە" و دانێشتووی گەڕەکی "شیوە برایمە"ی شاری سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکار، یان چۆنیەتیی خۆکوشتنی "پەروین" کچی "رەسوڵ" رانەگەیەندراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ١٦ حاڵەتی خۆکوژی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٩ حاڵەتیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.
ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
کوژرانی ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە ناوچەی سەوڵاوا

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەشەممە ژنێک بەناوی "زەعفەران محەممەدی"تەمەن ٣٠ ساڵ لە ناوچەی "سەوڵاوا" بەدەستی باوکی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.
ئەو ژنە خاوەنی ٥ منداڵ و خەڵکی گوندی "هەزار خانی"ی سەربە شاری سەوڵاوا بووە کە بەدەستی باوکی خۆی بەناوی "عەبدوڵڵا" خنکێندراوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، ئەو ژنە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کە لەگەڵ مێردەکەی بوویەتی، گەڕابوویەوە ماڵی باوکی و لە ئەنجامدا بە دەستی باوکی خۆی خنکاوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٤ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
دەرکرانی کچە خوێندکارێکی کورد لە زانکۆ

کچە خوێندکارێکی کوردی زانکۆی کوردستان بەناوی "ئەسما چشمە کەبوودی" خەڵکی شاری سنە، بەتاوانی ئەندامەتی لە مەکەتبی قورئان" لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.
ناوبراو یەکێک لە دەبیرە فەرمییەکانی وانەی بیرکاریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنای شاری کامیاران بوو، کە لە پەنای وانە وتنەوەدا توانیبووی بڕوانامەی "کارناسیی باڵای بیرکاری"ی وەک خوێندکاری نموونە بەدەست بێنێت.
ئەسما لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی دوکتورای بیرکاری مەحز "ئانالیز"ی ئەمساڵدا لە زانکۆی کوردستان وەرگیرابوو کە پاش تەواو بوونی تاقیکردنەوەکانی تێرمی یەکەم، لە ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵدا لە زانکۆ دەرکرابوو.
ئەو کچە خوێندکارە بەتاوانی هاندانی قوتابیان و مامۆستایان بەرەو دووبەرەکی لە قوتابخانەی "فاتمەی زەهرا" شاری کامیاران بڕیاری دەکرانی لە زانکۆ دەرچووبوو.
خۆکوشتنی کچە خوێندکارێک پاش ئازاد کران لە زیندان

کچە خوێندکارێکی خەڵکی "شاه ئاباد"ی کرماشان، پاش ئازاد کران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بلاو کراەنەتەوە، کچە خوێندکارێک بەناوی "حەنانە فەرهادی" خەڵکی شاری "شاه ئابادی غەرب"ی سەربە ئوستانی کرماشان کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە کردبوو کە نابێ هەواڵی ئەو کارەساتە بە مێدیاکان رابگەیەنن.
کەسێكی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: ئەو کچە ماوەیەک پێش ئیستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەهۆکارێکی ناڕوون دەستبەسەر و پاش ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرابوو.
هەنانە فەرهادی خوێندکاری (ماستەر)ی بەشی زانستە سیاسییەکان بوو کە چەند رۆژ پێش ئێستا بەهۆیەکی نادیار بەچەکی "تاپڕ" کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.
ئێــــــــــــــــــــــــــران
مردنی ژنێکی کارتۆن خەو و پرژانی ئەسید بە سەروچاوی کچێکی مەشهەدی

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی کارتۆن خەو لە شاری مەشهەد بەهۆی سەرماوە تووشی رەقهەڵاتووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.
شوناسی ئەو ژنە ٣٥ ساڵەیە هەتا ئیستا ئاشکرا نەبووە و تەرمی ئەو ژنە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی قانوونیی شاری مەشهەد کراوە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممەی رابردوو کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ هەر لەو شارەدا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایەسەر.
ئەو کەسە کە هەتا ئێستا شوناسی ئاشكرا نەبووە، پاش رژانسنی ئەسید بەسەروچاوی ئەو کچەدا، هەڵهاتووە.
دەستبەسەر کردنی کچە وێبلاگنوسێک لە شیراز

چەند رۆژ پێش ئیستا هێزە ئەمنیەکانی حکوومەی ئیسلامیی ئێران، "بەدری سەفیاری" وێبلاگنووسی خەڵکی "شیراز"یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.
بەدری سەفیاری، خوێندکاری زانکۆی "کوار"ی ئوستانی فارس بووە کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ئەمساڵ لەکاتی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە، لەلایەن ٣ کەس لە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.
هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی بەدری سەفیاری، چووبوونە ماڵی باوکی و دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵیک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتبوو.
ئەو کچە خوێندکارە بەڕێوەبەری وێبلاگی "سۆفی" بووە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵیک بابەت و هەواڵی لەمەڕ ئازار و ئەزیەتی دەروێشە گونابادییەکان بڵاو کردبۆوە.
خۆسووتاندنی ژنێک دوای ئازاد کران لە زیندان

چەند رۆژ پێش ئێستا "پەروین غەفاری" جێگری پێشووی بەرپرسی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی بەشی زانستە پزیشکییەکانی تاران، پاش ئەوەی کە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
پەروین غەفاری، نووسەر و شاعیر، لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە کاتی سەردانی بۆ دادگای تایبەت بە بنەماڵە، لەگەڵ داوەر تووشی کێشە هاتبوو کە بە تۆمەتی "بێڕیزی کردن بە خامنەیی" دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرابوو.
ئەو ژنە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەتی بەرپرسانی حکوومەتی و هەروەها سیسیتمی قەزایی ئێران ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و باری تەندرووستی ناڵەبار راگەیەندراوە.
پەروین غەفاری داوای کردووە کە ئەو بارمتەیە رادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو داوایە جێبەجێ نەکراوە.
ئازاد کرانی عەسەل ئیسماعیلزادە لە زیندان

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەشەممە "عەسەل ئیسماعیلزادە" یەکێک لە چالاکانی سیاسی کە لە زیندنای ئێڤین لە شاری تاران راگیرابوو، پاش تێپەڕاندنی حوکمەکەی ئازاد کرا.
ناوبراو ١١ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣١ رۆژ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگیرابوو کە پاش ئەو ٣١ رۆژە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
عەسەل ئیسماعیلزادە بەتاوانی "پڕوپاگەندە بەدژی نیزام" و "پێکهێنای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی حکوومەت" لە رێکەوتی ١٧ی رێبەندانی ساڵی رابردوودا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری و ٨ مانگ زیندانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپا.
لەلایەکی دیکەوە شیوا نەزەر ئاهاری پاش تێپەڕاندنی ١٨٤ رۆژ زیندانی، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەممە، بۆ ماوەی ٣ رۆژ مەرەخەسی پێدرابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا
کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ
هەواڵدەیی هێرانا
ماڵپەڕی مەکتەب قورائانی کوردستان
ماڵپەڕی "دانشجونیوز"





