ئاژانسی کوردپا: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەممە مەسعوود کوردپوور لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا.
"کەماڵ حوسێنی" هاوکاری ئاژانسی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاند: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ مەسعوود کوردپوور بەمەبەستی بەداواداچوونی پەروەندی خوسرەو کوردپوور سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری "مەهاباد"مان کرد، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان "مەسعوود کوردپوور"یان دەستبەسەر کرد.
ئەو رۆژنامەنووسە راشیگەیاند: کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ مەسعوود کوردپوور لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
پێشتریش مەسعوود کوردپوور رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٨٧ لەلایەن هێزە ئیتلاعتیەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری "تیکاب"ی بۆ بڕایەوە.
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممەی ئەمساڵ خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی خەبەریی موکریان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە مەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نیە.





