ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.
راپۆرتی نیوەی یەکەمی مانگی رەشەممە

لەم راپۆرتەدا دەستبەسەر کردن، بانگهێشت، سەپاندنی حوکمی درێژ ماوە بۆ هاووڵاتیان و ناروونیی چارەنووسی هاووڵاتیان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا دەخرێتەڕوو.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی رێبەندان هێزە ئینتزامییەکان چوونەتە گوندی "موسک"ی سەربە شاری مەریوان و هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی "سیروان محەممەدی" دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاندووە: هێزە ئینتزامییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بەسەر دەزگا و دیشی ماهوارەی ئەو ماڵەشدا گرتووە.

سیروان محەممەدی کوڕی "کەریم" بە تاوانی هەڵاتن لە سەربازی دەستبەسەر و بۆ پارێزگای کرماشان راگوێزراوە.

لەلایەکی دیکەوە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بڕیارنامەیەکی نوێدا رایگەیاندووە کە لەمەو بەدوا کەسانێک کەلە کاتی خۆیدا نەچنە سەربازی، سەرەڕای ئەوەی کە ٦ مانگی خزمەتی زۆرەملێی سەربازیان پێ ئەدرێ، هاوکات لە "دادگای نیزامی"شدا دادگایی دەکرێن.

راگوێزرانی خوێندکارانی مەریوانی بۆ زیندان

لەلایەکی دیکەوە چالاکانی خوێندکاریی شاری مەریوان بەناوەکانی سۆران دانشوەر، داود قەسیمی، محەممەد کۆنەپۆشی و سامان مەحمـوودی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

رێکەوتی ١٠ی رێبەندان "داود قەسیمی" کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران، "سامان مەحموودی" کوڕی حوسێن خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، "سۆران دانیشوەر" خوێندکاری رشتەی شارسازیی زانستگەی کوردستان، "محەممەد کۆنەپۆشی" کوڕی عەلی خوێندکاری زانستگەی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هاوکات هیزە ئەمنیەکان وێڕای پشکێنینی ماڵی ئەو چالاکانە، دەستیان بەسەر و کامپیوتێر و زۆربەی کەرەسە شەخسییەکانیشیاندا گرتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە هیچکام لەو چالاکانە لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە دادگایی نەکراون و لە ماوەی ئەو ١ مانگەدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوون.

دەستبەسەر کردنی بێ هۆکاری هاووڵاتیان

ئیبراهیم محەممەدی

دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، شارەکانی سنە و کامیاران بە هێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراون و چەند هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامیاران دەستبەسەر کران.

چەند رۆژ پێش ئێستا ٣ لاوی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

چەند رۆژ پێش ئێستا کەسێک بەناوی "ئیبراهیم محەممەدی" خەڵکی گوندی "بەڕوەر" سەربە بەخشی "کەڵاتەرزان"ی شاری سنە و ئەندامی پێشووی سپای پاسداران بە تەقەی کەس، یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەوتەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە، ئەو کەسە کوژراوە یەکێک لە ئەندامانی بە پێشینەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵای لە کوشت و بڕی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەدا بووە.

بانگهێشتی پێش‌نوێژی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەردەشت بۆ دادگا

سەلام گوڵنەواز

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەوە مامۆستا "سەلام گوڵنەواز" پێش‌نوێژی گەڕەکی "شیوە ئیبراهیم"ی سەردەشت بانگهێشتی دادگای تایبەتی "رۆحانییەت" کرا.

بەم پێیە ناوبراو ئاگادار کرابۆوە کە دەبێ ڕێکەوتی ٧ی رەشەممە خۆی بە دادگای رۆحانیەتی شاری تەورێز بناسێنێت.

ئەو مامۆستایە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی موکریانی راگەیاندبوو، کە بەهۆی ئەندامەتی لە مەکتەبی قورئان و پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە بانگهێشتی دادگای تەورێز کراوە.

سەلام گوڵنەواز پێشتریش لە مانگی بانەمەڕ و جۆزەردانی ئەمساڵدا بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری ورمێ کرابوو.

بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، حەفتەی رابردوو ٥ کەسی چەکدار کە خۆیان بە مەئمووری وەزارەتی ئیتلاعات ناساندبوو، هاووڵاتییەکی بەهایی خەڵکی شاری سنەیان بەناوی "سەما رەئووفی" دەستبەسەر و بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان راگواستبوو.

دایک و باوکی ناوبراو سەرەرای ئەوەیکە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە، نەیانتوانیوە چاویان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.

پێشتریش هێزە ئیتلاعاتییەکان بەمەبەستی دەستبەسەر کردنی ناوبراو چووبوونە ماڵەکەی، بەڵام بەهۆی ئەوە کە ناوبراو لە ماڵەوە نەبوو، نەیانتوانیبوو دەستبەسەری بکەن.

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتیان لە هەوشار

کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی گوندێکی ناوچەی "هەوشار"ی سەربە شاری سایین قەڵا" لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

رێکەوتی ٨ی رەشەممە هێزەکانی ئیدارەی ئەماکن چوونەتە گوندی "قۆزڵوو"ی ناوچەی هەوشار و سەرەڕای کۆکردنەوەی دەزگا و دیشی ماهوارە، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندەشیان دەستەبسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پژڕاست کردنەوەی هەواڵی ئازار و ئەزیەت کردنی هاووڵاتیان، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو دەستبەسەر کراوانە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ شاری ساین قەڵا راگوێزرابوون.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هاووڵاتیانە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سایین قەڵاوە لێپرسینەوەیان لێکرابوو کە دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە ناسنامەی هیچکام لەو دەستەبسەر کراوانە رانەگەیەندراوە.

بانگهێشتی باوکی ٢ کۆڵبەری کوژراو بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد

رێکەوتی ٢٦ی رێبەندان، محەممەد رۆستەم نژاد خەڵکی شاری مەهاباد و باوکی ٢ کۆڵبەری کوژراو بەناوەکانی "هوشیار تەمەن ١٧ ساڵ و حوسێن تەمەن ١٩ ساڵ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری بانگهێشت کرانی "محەممەد چاوشین" بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد نەزانراوە.

ێکەوتی ١٨ی رێبەندان دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتوونەتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٣ کەسیان بەناوەکانی "حوسێن رۆستەم‌نژاد" ، "هوشیار رۆستەم‌نژاد" ت و "رزگار مەعرووفی ئازەر لە ناوچەی خێڵەرەش و لە شوێنێک بە ناوی "شەهابەدین"ی بانە پاش دەستبەسەر کران، بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای سوور کێوەوە فڕی دراونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست دابوو.

١٨ ساڵ زیندانی بۆ هاووڵاتیەکی خەڵکی ورمێ بڕایەروە

هاووڵاتیەکی خەڵکی ورمێ بەناوی مستەفا فەرجام کە لە زیندانی ئەو شارە راگیراوە وماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و بەهۆی ئەشکەنجەوە تووشی نەخۆشیی "ئالزایمیر" فەرامۆشی بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ٤ی رەزبەری ئەمساڵ لە شاری ماکۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگوێزرابوو.

بەوتەی هاوبەندیانی ئەو زیندایە سیاسییە، ناوبراو تووشی چەندین نەخۆشی دیکەی جەستەیی هاتووە و هەروەها تووشی فەرامۆشی هاتووە.

بڕینەوەی حوکمی زیندان بۆ ٢ هاووڵاتیی مەهابادی

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی "زاهید رۆستەم‌پوور" تەمەن ٢٨ ساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بەخشی "قەرە مووسالی" سەربە شاری بوکان، بە تاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

زاهیــد سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ١ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە کۆتایی مانگی رێبەندانی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی شاری مەهاباد ناساندبوو.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد کە سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ٤ ساڵ زیندان حوکم درابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردەکە لە زیندنای ناوەندیی شاری مەهاباد لە دەستبەسەری دایە ٢٠ رۆژی مۆلەت هەیە کە سکاڵا لەسەر ئەو حکمە بۆ دادگای پێداچوونەوە بەرز کاتەوە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ١ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

عەلی سلێمانی زیندانیی سیاسیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەهید بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لقی ١ی دادگای شۆڕشێ شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بەتاوانی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

٥ کەس لە زیندانیانی سیاسیی شاری ورمێ بەناوەکانی ئەحمەد تەمۆیی، یوسف کاکەمەمی، جهانگیربادوزادە، عەلی ئەحمەد سلێمان و مستەفا عەلی ئەحمەد کە ٢٠ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بۆ ماوەی ٢ مانگ بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەهید و مێدیاکانی دەرەوەی وڵات لێپرسینەوە و ئەشکەنجە کران.

مانگرتنی ٢ چالاکی کورد و هەندێک لە سەلەفییەکانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج

زیندانییەکی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسوکەوتی نەشیاو و نەدانی مەرەخەسی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانە، دەستی داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی کورد بە ناوی "رەحیم ئەلیاسی" ناسراو بە "شارام"خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی ٥ رۆژە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە "زیندانی رەجایی شاری کەرەج"ەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: "شارام ئەلیاسی" شەوی هەینی باری تەندروستی تێکچوو و بەو هۆیەوە رەوانەی بێهداریی نێو زیندانیان کردبوو کە پزیشکانی نێو زیندان بەبڕیاری بەرپرسانی زیندان لە چارەسەریی پزیشکی ناوبراو خۆیان بواردبوو.

ئەو زیندانییە کوردە ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا کە دواتر بە تاوانی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لە رێگەی راگرتنی "چەک و تەقەمەنی" لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە حوکمی ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

ناوبراو پاش ئەوەیکە حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا پژڕاست کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندانی شاری بۆکانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خرایەوە کە هەنووکە ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە لە زیندان دایە.

زیندانییەکی دیکەی کورد بەناوی "تائێب" بەهۆی کارشکێنی و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی زیندانی زاهیدان لەهەمبەر داخوازییەکانی، دەستی داوەتە مانگرتن.

بەپرسانی زیندان لەبری گوێدان و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی، ناوبراویان بۆ قەرەنتینەی نێو زیندانی زاهیدان راگواستووە.

ئەو زیندانییە کوردە کە پاش ٢ مانگ لە دەستبەسەر کرانی کە لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە دەستبەسەری دابوو، بە توانی لایەنگری لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ٦ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زاهیدان مەحکووم کرا.

ناوبراو پاش دەرچوونی حوکمەکەی بۆ زیندانی ورمێ و و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی شاری زاهیدان دوور خرایەوە.

مانگرتنی ٦ کەسی سەلەفی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ٦ کەس لە زیندانیانی سەلەفیی مەحکووم بە ئێعدامی خەڵکی دەوروبەری شاری سنە لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ رێبەندانەوە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانیانە ئەوبەمەبەستی راگرتنی و جێبەجێ نەکرانی حوکمی ئێعدامەکەیان مانیان لە خواردن گرتووە کە سەرجەمیان ئەندامی گروپە تونداژۆ ئیسلامییەکانن.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی ئەو زیندانیانە بەمەبەستی رێگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی ئحدامی رۆڵەکانیان لەبەر دەم ئوستانداریی ئوستانی کوردستان کۆبوونەوە.

هەڵسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد

گیانی لەدەست دانی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی میناب

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی خوێنڕێژیی لەڕادەبەدەر و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە زیندانی میناب گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، شەوی هەینی رێکەوتی ٢٧ی رێبەندان زیندانییەکی کورد بەناوی "محەممەد زینەتی" کوڕی "مەنسوور" و خەڵکی گەڕەکی "چەمی وڵی‌خان"ی سەربە شاری سەقز، لە زیندانی شاری میناب تووشی خوێنڕێژیی "مەعدە" هاتووە و بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە تەمەنی ٣١ ساڵ و خاوەنی ژن و منداڵ بووە کە ٨ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تاوانی راگرتنی چەک و تەقەمەنی حوکمی زیندانی هەتا هەتایی بۆ بڕایەوە کە دواتر ئەو حوکمە لە داگای پێداچوونەدا پژڕاست کرایەوە و پاشان بۆ زیندانی شاری میناب لە "پارێزگای هورموزگان" دوور خرایەوە.

هاوکات "کەماڵ شەریفی" رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لە زیندانی شاری میناب راگیراوە، تووشی نەخۆشیی گورچیلە و مەعدە هاتووە و هەتا ئێستا هێچ چارەسەرییەکی پزیشکی بۆ ئەنجام نەدراوە.

کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٨٧ لە شاری سەقز دەستبەسەر و لەلایەن دادگای شۆرشی ئەو شارەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣٠ سال زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی میناب کەم کرایەوە.

تێکچوونی باری تەندروستیی زیندانیەکی کورد لە زیندانی رەجایی شار

نامێق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، هەنووکە لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

ئەو زیندایە کوردە تووشی نەخۆشیی چاو هاتووە و چاوێکی خۆی بەتەواوەتی لەدەست داوە و ئەو چاوەی دیکەی لە بەرەبەری کوێر بوون دایە و هەتا ئێستاش بێهداریی زیندان هیچ ئاوڕێکیان لە بارودۆخی ناوبراو نەداوەتەوە.

نامێق مەحموودی رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی لە گوندی ئێرانشای تێلەکۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندی ئیتلاعاتی شاری سنە و پاشان بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا و لەو ماوەیەدا بە توندترین شێوە لەلایەن ئەو هێزانەوە لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە.

زینداییەک لە زیندانی ورمێ لێوی خۆی تەقەڵ دا

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حەفتەی رابردوو زیندانییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بەناوی "جەعفەر ئەفشاری" لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ راگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی مەهاباد، لێوی خۆی تەقەڵ داوە و مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە جەعفەر ئەفشاری بۆ بەشی قەرەنتینەی زیندانی ورمێ راگوێزراوە.

جەعفەر ئەفشاری کۆتایی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٣ برای خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر و کراو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهی نێو نەتوەیی بە ٥ ساڵ زیندنا حوکم درا.

رێگریی بەرپرسانی زیندان لە راگواستنی زانیار مورادی بۆ نەخۆشخانە

زانیار مورادی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لاقەکانی تووشی ئازار بوون، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رێگری لە چارەسەریی پزیشکی ناوبراو کرا.

هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردەوە، کە ئەو زیندانییە بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی بەدواداچوونی کردووە و بەرپرسانی ئەو زیندانە پێیان راگەیاندووە "تۆ کاتێک ئێعدام دەکرێی چ پێویستیت بە چارەسەریی پزیشکی هەیە"؟

نابراو لە نامەیەکدا بڵاوی کردۆتەوە، باسی لە ئەشکەنجە درانی بەدەستی هێزە ئیتلاعاتییەکان کردووە و روو لە خەڵکی کوردستان رایگەیاندووە، کە وەڵامی بەرپرسانی زیندان بۆ لاوێکی زیندانی کراو کە هەردەم مەترسی نوقسان بوونی لەسەرە، ئەوەیە کە "ئێمە درەنگ یان زوو ئەتکووژین"..

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان