ئاژانسی کوردپا: لە ٢٥مین ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی "هەڵەبجە" و "سەردەشت"، چەندین چالاکی فەرهەنگی و سمینار لە وڵاتی ئێران بەڕێوە دەچن.

ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانستگەی تاران و زانستە پزیشکییەکانی تاران بۆ یاد و بیرئانینی ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی "هەڵەبجە و سەردەشت" سمینارێکی تایبەتی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتی ئەدەبی و رۆشنبیریی کورد بەڕێوە دەبات.

ئەو سمینارە کە رێکەوتی ٩ی رەشەممە لە هۆڵی "ئیبنی سینا"ی زانکۆی پزیشکی تاران بەڕێوە دەچێت، چەندین کەسایەتی وەک: "جەلال مەلەکشا"، "خالید تەوەکولی"، "ئەسعەد ئەردەڵان" و "سەعدوڵڵا نەسیری" تێیدا بەشدار دەبن.

بەشێک لەو سمینارە بۆ تاوتوێ کردنی کارەساتی شیمیاباران کردنی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لە روانگەی کۆمەڵناسی، ئەخلاقی و ژێنگەیەوە تەرخان دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، گروپی کامکارەکانیش لە ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی هەڵەبجە، چەندین کۆنسێرت بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە ئاستی ئێراندا بەڕێوە دەبەن.