ئاژانسی کوردپا: دەستفرۆشەکانی شاری کرماشان لەلایەن مەئموورانی شارەوانیی ئەو شارەوە هێرشیان کرایە سەر و سەرەڕای ئەوەی کە کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا گیرا، بەرەوڕووی جەریمەش بوونەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی شارەوانیی کرماشان هێرشیان کردۆتە سەر دەستفرۆشەکانی شەهرەکی "ئیلاهە" و مەیدانی "رەسالەت" و سەرجەم کەلوپەل و شتومەکەکانیشی لێ زەوت کردوون.
شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: مەئموورانی شارەوانیی لە کاتی هێرش کردنە سەر دەسفرۆشەکان وێڕای سووکایەتی کردن، دەستیان بەسەر ٧ ماشێنی ئەو دەستفرۆشانەشدا گرتووە.
شایەتحاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو کارەی مەئموورانی شارەوانی ناڕەزایەتیی دەستفرۆشان لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دەستفرۆشان و مەئموورانی شارەوانیدا هاتۆتە ئاراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەر خاوەن ماشێنێک لەلایەن شارەوانییەوە بە ٢٠٠ هەزار تمەن و هەر دەستفرۆشێکیش بە ٧٠ هەتا ٣٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی جەریمە کراون و بەڵێننامەشیان لەمەڕ دووپات نەکردنەوەی ئەو پیشەیە لێ ئەستاندوون.
ئیدارەی شارەوانیی شاری کرماشان بە دەستفرۆشەكانی راگەیاندووە، ئەگەر بێت هەر كەسێك ئەو پیشەیە دووپات بکاتەوە بەرەوڕووی سزای توندتر دەبێتەوە.





