ئاژانسی کوردپا: بەهۆی چوونەسەرێی رۆژ لەدوای رۆژی نرخی شتومەک، ناوندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان بەرپرسیارەتیی راستەوخۆی چاوەدێریی بەسەر نرخی شتوکی کاڵاکانیان دەکەوێتە ئەستۆ.
هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە کە دەوڵەتی "مەحموود ئەحمەدینژاد" لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ مەجلیس، ئەرکی چاوەدێریی نرخی کاڵا و شتومەکەکانی نێو بازار دەخاتە ئەستۆی هێزە بەسیجییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران.
کۆمیسیۆنی پلان رێژی و بۆدجەی مەجلیس لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەییەکان لەمەڕ ئەسپاردنی ئەو بەرپرسایەتییە بە بەسیجی ئابووری گەیشتوونەتە رێککەوتن و هاوکات جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەسیج ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بەرپرسایەتییە دەربڕیوە.
غوڵامڕەزا میسباحی موقەدەم، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مەجلیسی ئێران لەمەڕ ناردنی بەسیجی کرێکاری، پزیشکی بۆ نێو بازارەکان رایگەیاندووە، دانیشتنەکانی مەجلیس و دەوڵەت ئاکامی ئەرێنی بەدواوە بووە.
ئەو دەنگۆیە لە کاتێک دایە کە لێپرسراوێکی وەزارەتی بازرگانیی ئێران ساڵی رابردوو ئاشکرای کردبوو کە ئەرک و راسپاردەکانی ستادی بەسیجی ئابووری کۆتایییان پێ دێت.
ستادی بەسیجی ئابووری، بە بەشداریی ٩ وەزارەتخانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دابەش کردنی عادڵانەی شتومەک و پێداویستییەکانی خەڵک لە مانگی رەزبەری ١٣٥٩ی هەتاویدا دامەزرا.
دوابەدوای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و هەڵاوسانی ئابووری، نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە ئێران هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نرخی هەر کیلۆ گۆشتی سوور زیاتر لە ٣٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.





