ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان هەڕەشەی دەرکردنی لە سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیە کرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، "الف. ر" بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان بە مەبەستی بەشداری کردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیە لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەندان، هەڕەشەی لە مامۆستا و فەرمانبەران کردووە و پێی راگەیاندوون لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان لەو رێپێوانەدا سەرلە نوێ لەلایەن بەشی "گزینش"ی ئەو ئیدارەیەوە پێداچوونەوە بە هەڵبژاردنیاندا دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی پەروەردەی شاری بۆکان رایگەیاندووە، کە لەسەر چوارڕێیان و خاڵە سەرەکییەکانی شار، دەست و پێوەندییەکانی خۆی جێگیر کردووە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران دەخرێنە ژێر چاوەدێرییەوە و لە ئەگری بەشداری نەکردنیان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و لەبەرەبەری ٢٢ی رێبەندان ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران، زۆربەی شارە کوردنشینەکانی بە هێزی نیزامی میلیتاریزە کردووە و سەرجەم جوڵە و بزاوتی هاووڵاتییان لەلایەن ئەو هێزانەوە بە وردی کونتڕۆڵ دەکرێن و زۆربەی شوێنە گشتییەکان "کامێرای چاوەدەێری"یان دامەزراندووە.





