ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.

نیوەی یەکەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩١

پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات کە لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، گوشاری و دەستبەسەر کردنی چالاکانی خوێندکاری و هەروەها بارودۆخی زیندانیانی سیاسی بکرێت.

کۆڵبــــــــــــــــەران

رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٢ی رێبەندان، کۆمەڵیک لە کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچە سنووریی بانە درانە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سابیر ئاڵتوون" تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "نمنجێ"ی پیرانشار گیانی لێ ئەستێندرا.

لەلایەکی دیکەوە حەفتەی رابردوو هاوولاتییەکی خەڵکی گوندی "هورموزاوێ بەناوی ئیسماعیل حاجی خدر و لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و کەسێکی دیکە بەناوی حشمەت حوسێنی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان گیانیان لەدەست دا.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لە نیوان جادەکاندا تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانیان لەدەست ئەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد بەتەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون.

خوێنـــــــــــــدکاران

درێژەی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر چالاکانی خوێندکاریی کورد

لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٥ چالاکی خوێندکاری لە شاری مەریوان دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزراون.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی١٠ی رێبەندان چەندین چالاکی خوێندکاری بە ناوەکانی؛ "داود قەسیمی" کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران – ناوەند، "سامان مەحموودی" کوڕی حوسێن خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، "خالید محەممەدی" خوێندکاری کارناسیی باڵای رشتەی جۆغرافیا، "سۆران دانیشوەر" خوێندکاری رشتەی ماڵ و شارسازی زانستگەی کوردستان، "محەممەد کۆنەپۆشی" کوڕی عەلی خوێندکاری زانستگەی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

سەرجەم ماڵی ئەو چالاکە خوێندکارییانە لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانەوە پشکێندراوە و کامپیوتێر و زۆربەی کەرەسە شەخسییەکانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزرابوو.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندان "هێمن ئەژەند" چالاکێکی دیکەی خوێندکاریی خەڵکی شاری پاوە لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی "دیزڵ ئاباد"ی کرماشان راگوێزرا.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە، ٢ چالاکی دیکەی خوێندکاری بەناوەکانی "شاهۆ مەحموودی" و "زانا لەنج‌ابادی" بانگهێشتی ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

هەروەها حەفتەی رابردووش "مەهدی دۆعاگۆ" بەرپرسی یەکیەتییی دێمۆکراتی خوێندکارانی کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی شری سنەوە ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا هیوا تاسە چالاکی خوێندکاری کورد لە زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی"ی تاران بە بڕیاری راستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات لە خوێندن بێبەری کرا.

هیوا تاسە خوێندکاری کوردی زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی"ی تاران لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار "سازمان سنجش" بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەی نووسراوە، بە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی"ی راگەیاندووە، کە چیدیکە هیوا تاسە بۆی نییە درێژە بە خوێندن بدات.

ئەو خوێندکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە چەندین جار پەیوەندیم بە نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئێران کردووە، بەڵام ئەو نوێنەرە کوردانە پێیان راگەیاندم "ئەوە کێشەیە پەیوەندی بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەیە" و لە ئەنجامدا وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەی فەرمی دەرکران لە زانکۆیان پێ راگەیاندم.

وەزارەتی ئیتلاعات هیوا تاسەیان بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی بڕیاری ئیعدام کردنی ئیحسان فەتاحییان، تۆمەتبار کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی خوێندکاریی کورد کە زۆربەیان ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتیکی کورد بوون، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد، ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەلایەن کۆمەڵیک لە خوێندکارانی کوردەوە دامەزرا و هەتا ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئە یەکیەتییە لە خوێندن بێبەش کراون.

زیندانیانی سیاسی

عەلی و حەبیب ئەفشاری ٢ زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە کاتی پژڕاست کرانەوەی حوکمەکەیان لەلەلایەن دادگای پێداچوونەوەی "ورمێ"وە هەتا ئیستا لە چاوپێکەوتن بە بنەماڵەکەیان بێبەرین.

عەلی ئەفشاری زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لە زیندانی ورمێ راگیراوە، بەهۆی بەرکەوتنی چەندین فیشەک لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا ٣٠% ئەندامانی لەشی لە کار کەوتوون و تووشی چڵک و خوێنڕێژییەکی زۆر بووە.

مانگی سەرماوەزی ١٣٨٩ی هەتاوی عەلی ئەفشاری هاوڕێ لەگەڵ ٣ برای دیکەی بەناوی حەبیب، جەعفەر وەلی ئەفشاری لەلایەن هێزە ئەومنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران کە دواتر عەلی و حەبیب ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی "شەڕ لەگەڵ خودا" بە هۆی پڕوپاگەندە بۆ حیزبێکی کوردی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە و دواتر لقی ٣٣ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ ئەو حوکمەی پژڕاست کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە ٢ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە ناوەکانی "جەعفەر و وەلی ئەفشاری"ش هەر یەکە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون و هەنووکە لە زیندانی شاری ورمێ ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

راگواستنی رەزا شەریفی بۆکانی بۆ زیندانی ئێڤین

سەعات ٦ی سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی بەفرانبار رەزا شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ـەوە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: رەزا شەریفی بۆکانی لە کاتی رۆیشتنی بۆ زیندانی ئێڤین گوتوویەتی: ئەگەر هەتا ٢ حەفتەی دیکە نەگەڕایەوە بۆ زیندانی رەجایی شار، دەست ئەداتە مانگرتن.

رەزا شەریفی بۆکانی بەبڕیاری راستەوخۆی "عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی" دادستانی گشتیی تاران بۆ زیندانی ئێڤین راگوێزراوە.

پێشتریش "رەزا شەریفی بۆکانی" زیندانیی سیاسیی کورد بە بڕیاری بەرپرسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ زیندانی "ئێڤین" راگوێزرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی دادستانی گشتیی تاران، بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گەڕێندرابوویەوە.

هاووڵاتییەکی کورد، پاش ٢٠ رۆژ لە گیران چارەنووسی نادیارە

هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢٠ رۆژ پێش ئێستا لاوێکی کورد بە ناوی "محەممەد نەسیم پوور" تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی فەتاح و خەڵکی "عەلیاوا"ی سەربە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری کوردپا و سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار، له‌کاتی ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی ئه‌و هاووڵاتییه‌، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌مه‌ڕ شوێنی راگیران و تاوانی ناوبراو له‌به‌ر ده‌ستدا نیه.

چارەنووسی ناڕوونی هاووڵاتییەکی ٧٢ ساڵ تەمەن لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج

زیندانییەکی کورد بە ناوی "نامیق مەحموودی"، کە چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ـەوە بانگهێشت کراوە و هەتا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ نێو زیندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو زیندانییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان راگوێزرابێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، نامیق مەحموودی تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی دراوەتە پاڵ و لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و هەروەها پێشتریش ماوەی ٦ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە دەستبەسەریدا بووە.

نامیق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئێرانشا"ی تیلەکۆی سەربە شاری سەقزە کە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی "مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد" و کەسێکی دیکەی ئەو گوندە بە ناوی "عوسمان قادری" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەقزەوە دەستبەسەر کران.

بانگهێشت
ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لێپرسینەوە و هەڕەشە لە چالاکێکی مەزهەبی خەڵکی ئەو شارە کرد

رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو، یەکێک لە لێپرسراوانی دەفتەری بەرپرسی شۆرای مەکتەبی قورئان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بە توندی هەڕەشەی لێکرابوو.

چەند رۆژ پێش ئێستا "عەبدوڵڵا عەباسی"، یەکێک لە چالاکانی مەزهەبیی کوردستان لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لەژێر بازجوویی و لێپرسینەوەدا بووە.

عەبدوڵڵا عەباسی یەکێک لە لێپرسراوانی دەفتەری "حەسەن ئەمینی" موفتیی ناسراوی کوردستانی ئێرانە کەلە مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤ جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و لەمەڕ کار و چالاکییە ئایینییەکانی لە چوارچێوەی مەکتەبی قورئاندا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ماڵپەڕی "ئیسلام کورد" زمانحاڵی مەکتەب قورئانی کوردستانی ئێران بڵاوی کردەوە، عەبدوڵڵا عەباسی لەلایەن مەئموورانی ستاد خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەمەڕ دەست پێ هەڵگرتن لە کار و چالاکییە مەزهەبییەکانی، بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەی لێکراوە.

پێشتریش ئەو چالاکە مەزهەبییە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش نزیک بە ١٠ رۆژ لە دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی، بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بانگهێشت و لێپرسینەوە لەو چالاکە مەزهەبییە لە کاتێک دایە، کە حەفتەی رابردوو لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە وەک "حەفتەی یەکییەتیی نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان" دیاریکرابوو.