ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٥ رۆژە لە چارەنووسی زیندانییەکی کوردی خەڵکی سەقز هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی کورد بە ناوی "نامیق مەحموودی"، ٥ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ـەوە بانگهێشت کراوە و هەتا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو زیندان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو زیندانییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە و بازجوویی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان راگوێزرابێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، نامیق مەحموودی تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی دراوەتە پاڵ و لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و هەروەها پێشتریش ماوەی ٦ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە دەستبەسەریدا بووە.
نامیق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئێرانشا"ی تیلەکۆی سەربە شاری سەقزە کە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی "مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد" و کەسێکی دیکەی ئەو گوندە بە ناوی "عوسمان قادری" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەقزەوە دەستبەسەر کران.





