ئاژانسی کوردپا: لە دەستپێکی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری هەولێر کۆنفرانسێک لەسەر هەڵبەست و وێژەی کورمانجیی کوردستانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئازاد ماکۆیی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفڕانسە لە دیمانەیەکی تایبەتیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: سەرەتای مانگی بانەمەڕی ساڵی داهاتووی هەتاوی لەلایەن "یەکیەتیی نووسەرانی کورد" لە شاری هەولێر کۆنفڕانسێک لەسەر هەڵبەست و ێژەی کورمانجیی کوردستانی ئێران بەڕێوە دەچیت.

ماکۆیی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆنفڕانسە تەنیا زاراوەی کورمانجی لە خۆ ناگرێت و سەرجەم شاعیران، نووسەران و ئەدیبانی کورد دەتوانن بابەتەکانی وەک: شێعر، چیرۆک، باسی شیکاری و خەسار ناسیی زمانی کوردی پێشکەش بە دەبیرخانەی کۆنفڕانسەکە بکەن.

ناوبراو راشیگەیاند هەتا ئێستا رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسکە دیاری نەکراوە, هاوکات ئاشکرای کرد، سەرجەم تێچووی هاتن، مانەوە و میوانداریەتی میوانەکان لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکەیە.