ئاژانسی کوردپا: ٢ شیرکەتی پەیمانکاری بەنداوی ژاوەی سنه بوونەتە سەرچاوەی کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢ شیرکەتیی بەنداو سازیی "ژیان" و "معتبر" ماوەی ٤ ساڵە دەستیان داوەتە دروست کردنی بەنداوێک بە ناوی "ژاوە" لە نزیک گوندی "دەرە کەوڵە" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئازار و ئەزیەتی کردنی کرێکارانی خۆیان، کۆمەڵێک گیر و گرفتیان بۆ هاووڵاتییانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە دروست کردووە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بۆ کارناسی و دیاری کردنی نرخ لەسەر زەوی و زاری وەرزێڕان لەکارناسانی سەر بە حکوومەت کەڵک وەردەگیردرێت و قیمەتێکی کەم لەسەر زەوی و زاری هاووڵاتییان دادەنێن و هەر خاوەن زەوییەک پەێڕەوی لە بڕیاری کارناسان نەکات بەرەوەڕووی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێتەوە.

ئەو ٢ شیرکەتە بە کەڵک وەرگرتن لە بێکاریی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە تەنیا بۆ کارە دژوارەکانی وەک "حفاری ، بەرد شکاندن و خاوێنکردنەوە" لە کرێکارانی ئەو ناوچە کەڵک وەردەگرن. و هەر کرێکارێکیش ناڕەزایەتیی دەرببڕێت هەڕەشەی دەرکردنی لێ دەکرێت و لە نزیک بە ٢ مانگی رابردوودا ٢٠ کرێکاری ئەم بەنداوە لە سەر کارەکانیان دەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە کرێکارانی بەنداوی ژاوە لە رۆژدا نزیک بە ٩ ساعەت کار دەکەن لە کاتێکدا بەپێی گرێبەستێک کە هەیانە دەبێ ژەمی خوارنی نیوەڕۆیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەرپرسان خراپترین خواردن بە کرێکاران دەدەن و کڕیکاران بە ناچاری بۆ خۆیان خواردن لەگەڵ خۆیان دەبەن.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە ئەو ٢ شیرکەتە ماوەی ٤ مانگە بە بیانووی کەمیی بۆدجە لە دانی مووچەی کرێکاران خۆیان بواردووە و هەتا ئێستا هیچ کرێکارێکی ئەو شیرکەتە لە خزمەتگوزاریی بیمە بەهرەمەند نییە.

لە ماوەی ئەو ٤ ساڵەدا زیاتر لە ١٠ کەس لەو بەنداوە بە هۆی نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کارەکەیان گیانیان لە دەست داوە و ماوەیەک لەمەوبەر دوو کرێکاری ئەم بەنداوە بە ناوەکانی "ناسر منبەری" خەڵکی ئاوایی نییەر و" مەسعوود مورادی" خەڵکی لوڕستان لە سەر کارەکانیانەوە گیانیان لە دەست داوە و بەرپرسانی ئەو ٢ شیرکەتە هۆکاری مردنی سەرجەم ئەو کرێکارانەیان کەمتەر خەمیی خودی کرێکاران راگەیاندووە.