كوردپا: ژمارە 4ی گۆڤاری خوێندكاریی "هەنگاو"، لەلایەن بنكەی خوێندكاریی "نالی" لە زانكۆی كوردستان لە سنە، بە ئاراستەی فەرهەنگی، ئەدەبی و كۆمەڵایەتی چاپ و بڵاو كرایەوە.

گۆڤاری خوێندكاریی هەنگاو كە تایبەتە بە بوارەكانی فەرهەنگی، ئەدەبی و كۆمەڵایەتی لە دوو بەشی تایبەتی و گشتی لەلایەن بنكەی خوێندكاریی نالی و بە هاوكاری جێگری فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی زانكۆی كوردستان بڵاو كرایەوە و هەتا ئێستا چوار ژمارەی لێ‌ بڵاو كراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی كوردپرێس، ئەم گۆڤارە كەلە سێیەمین ساڵوەگەری بڵاوكردنەوەی خۆیدا هەروا چالاك دەڕوانێتە بابەتە هونەری و كۆمەڵایەتییەكان، كۆمەڵێك بابەتی فەرهەنگی و ئەدەبیی بە ئاراستەی توێژینەوە و شیكاری لەخۆ گرتووە.

ژمارەی چواری گۆڤاری هەنگاو بە گوڵبژێری بابەتی كەسانێكی وەك: رێبوار سیوەیلی، یوونس رەزایی، رەئووف مەحموودپوور، هاشم عەلی وەیسی، موحسێن كەرەمجوو، عادڵ قادری، جەبار میرانی و چەن دەقێك لە شاعیری كۆچكردوو "ئیسماعیل فەرەجی پوور" توانیویە دۆسیەیەكی تایبەت بكاتەوە كە وەك سەرچەشنێك سەرنجی خوێندنەوەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت.

وتارە سەرەكییەكانی بەشی تایبەتی ئەم گۆڤارە بریتین لە: شیعر و ژنانی كورد، ژینۆسایدی گەلی كورد، گوڵچینێ لە "رشتەی مرواری"، لە شوێن مێژووی زمانی كوردی، شرۆڤەی رەوتی ئەدەبی كوردی پاش نالی و مەولەوی و كورتەیەك بۆ گوناهی سێو و مەعریفەتی لێو.