ئەنوەر رەوشەن: دواکەوتوویی فەرهەنگی زەبرێکی کوشەندەیە کە جەرگی کۆمەڵگە دەبڕێت

١٣٩٣/١٢/٠٦ - ٢٥-٠٢-٢٠١٥ - ١٦:٤١ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت١٥١٥ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

ئەنوەر رەوشەن: دواکەوتوویی فەرهەنگی زەبرێکی کوشەندەیە کە جەرگی کۆمەڵگە دەبڕێتئاژانسی کوردپا: ھه‌ندێ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و ھه‌ڵسووڕاوی بواری شێعر و ئه‌ده‌ب، له‌مه‌ریوان بە سەرنجدان بە بۆشاییه‌ک له‌بیاڤی فه‌رھه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا و بۆ پرَکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییانه‌، بڕیار درا‌له‌ساڵی ٦٩ ئه‌نجومه‌نی فه‌رھه‌نگی ئه‌ده‌بی مه‌ریوان دابمەزرێنن.

ئەو ئەنجومەنە وێڕای ھه‌وڵ و چالاکیی ھه‌فتانه‌، ساڵی ٧١ی ھه‌تاوی وه‌ک یه‌که‌مین چالاکی/پراکتیکی ئه‌نجوومه‌ن کۆنگره‌ی شێعر و چیرۆکی به‌رێوه‌برد که‌زۆرینه‌ی شاعیرانی به‌ناو بانگی کوردستانی ئێران تێیدا به‌شدار بوون و رۆڵێکی به‌ر چاوی له‌ره‌وتی ئه‌ده‌بیی رۆشنبیری ئه‌وکاته‌دا ھه‌بوو.

کوردپا بە بۆنەی یادی بیست و چوار ساڵەی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان لەگەڵ ئەنوەر رەوشەن یەکێک لە چالاکانی فەرنگیی مەریوان دامەزرێنەرانی ئەو ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییە، دیمانەیەکی پێکهێناوە.


کوردپا: پێویستیی دامەزرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان لەو سەردەمەدا چی بوو؟

ئەنوەر رەوشەن: هەروەک دەزانین لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا و لەو وڵاتانەی کە لە حاڵی پێشکەوتندان گیروگرفتە ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان بەڕادەیەک زۆر و بەربڵاون کە حکوومەت بەبێ پاڵپشتی خەڵک توانای ئەوەی نییە کێشەکان چارەسەر بکات و بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی ورد بۆبەرەوپێشچوونی کاروباری وڵاتدابڕێژێت. ئەمەش وەها دەکات کە وڵات لە چاو پێشکەوتنە بەپەلەکانی جیهاندوا بکەوێت و لە سێ­گۆشەی داخراوی گیروگرفت- بێ­بەرنامەیی - دواکەوتووییدا گیر بخوات. هەربۆیە ئەم جۆرە وڵاتانە - بە مەرجێک کە دەسەڵاتێکی تووتالیتێر تێیاندا حکومەت نەکات- پێویستە لەو هێز و توانایانەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە و لە دڵی جەماوەری خەڵکدا پەنگی خواردوەتەوە کەڵک وەر بگرێت. بێگومان دواکەوتوویی ئابووری و سەنعەتی و ... زەبر لە کۆمەڵگە دەدەن و هەژاری و بێدەرەتانی زاڵ دەکەن بەسەر وڵاتدا و ئەم کەمایەسییانە دەکرێت بە پلان و گەڵاڵەیەکی بەپەلە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام دواکەوتوویی فەرهەنگی زەبرێکی کوشەندەیە کە جەرگی کۆمەڵگە دەبڕێت و هەوڵ و ماندووبوونێکی درێژخایەنی دەوێت هەتا بتوانرێ قەرەبوو بکرێتەوە. چوونکە فەرهەنگ بنەمای هزریی تاکەکانە و لاوازبوونیشی دواکوتوویی هەمەلایەنەی کۆمەڵگای بەدواوە دەبێت و بە بڕوای من هۆکارێک دەبێت بۆ پەرەسەندنی جەهل و خورافە و ژێر چەپۆکەیی و ژێرخانی هەموو دواکەوتنەکانیشە.

دەستەیەک لە خوێنەوارانی قەڵەم بەدەستی مەریوان بەو باوەڕەوە کە گەشەی فەرهەنگ دەتوانێت یارمەتیدەری پێشکەوتنی هەمەلایەنە کۆمەڵگە بێت و خزمەت بە زمان و ئەدەبیات و رۆشنبیریشیان بە هەوڵێک دەزانی بۆ گەشەی فەرهەنگ، تێکۆشان بۆ یەکانگیرکردن و بە رێکخراوەیی کردنو چڕکردنەوە و کاراترکردنی چالاکییە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانهەوڵیان دا رێکخراوەیەکی ناحکوومی سەربەخۆی ئەدەبی و رۆشنبیری دابمەزرێنن، لە ئاکامداپاش چەن ساڵ هەوڵدانتوانیان لە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا مۆڵەتی رەسمی بۆ دامەزراندنی " ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان" وەربگرن.

کوردپا: دەستەی دامەزرێنەرانی ئەنجومەنەکە چ کەسانێک (کێ و کێ) بوون؟

24980.jpg
ئەنوەر رەوشەن: وا باوە کە ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان ئەنجومەنی دایکە و دامەزرێنەری هەموو رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکانی شاری مەریوان سەردەمانێک ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی بوون
ئەنوەر رەوشەن: زۆربەی قەڵەم بەدەستانی شاری مەریوان لە دانیشتنە سەرەتاییەکاندا بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بەشداربوون و لە کۆڕی حەوتەمین‌ رۆژی کۆچی مامۆستا هەژاردا کە لە مانگی رەشەمەی ١٣٦٩دا لە مزگەوتی جامێعەی شاری مەریوان بەڕێوە چوو داواکە بەشێوەیەکی فەرمی لە قاڵبی بەیاننامەیەکدا خوێندرایەوە. دواتر پاش وەرگرتنی مۆڵەت دەستەیەک لە قەڵەم بەدەستانی مەریوانی لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی شاری مەریوان کۆبوونەوە و ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوانیان دامەزراند و یەکەمین دەستەی بەڕێوەبەریشیان بۆ هەڵبژارد کە بریتی بوون لە ١- شێخ رەشید حسەینی ناسراو بە رەشید باباتایەر ٢- جەلیل ئازادیخواز ٣- عادڵ محەمەدپوور ٤- محەمەد بانی ٥- ئەنوەر رەوشەن. دەستەی دامەزرێنەریش کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون تائەو رادەیەی کە لەبیرم مابێت بریتی بوون لە: سەید رەشید حسەینی،جەلیل ئازادیخواز، ئەنوەر رەوشەن،محەمەد بانی، رەئووف مەحموود پوور، جەلیل عەباسی، ئەحمەد رەسایی،عادڵ محەمەد پوور، مامۆستا مەلا بورهان عالی، مامۆستا شێخ حەمەمارف حسەنی، موسلێح ئەحمەدی،عابید عەلایی،عومەر ئەفسەری،حسەین فیداکار،عوسمان خەیات(جێماو)،ئەحمەد بەھرامی،پەرویز خالدی ،مامۆستا مەجید نژماری، محەمەد موراد ئەحمەدیان، فەرزاد میرئەحمەدی و... .

کوردپا: ئەو ئەنجومەنە وەکوو ئەنجومەنێکی سەربەخۆ دامەزرا، ئاخۆ ئەو سەربەخۆییە لە چییەوە دیارە و هەتا چەندە ئەو سەربەخۆییەی پاراستووە؟

ئەنوەر رەوشەن: ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بە شێوەیەکی (سفارشی) و بۆ لاوازکردن و بەرهەڵستکردنی هیچ رەوتێکی تر دانەمەزرا و پێویستییەکی ئەو سەردەمە بوو کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و خۆڕسکانە و لە ناخی خەڵکەوە سەری هەڵداوەو هەر لە سەرەتاشەوە تاکوو ئەمڕۆ بڕیارەکانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و لە چوارچێوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی ئەنجومەن ولە دەستەی سەرپەرەستی ئەنجومەندا پەسەند کراوە و بۆ جێبەجێ کردنیان و مۆڵەت وەرگرتن پەیوەندی کراوە بە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادەوە.

هەرچەند مۆڵەتە فەرمییەکان بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکان بە ئاسانی نەدراون، بەڵام ئەندامانی دەستەی سەرپەرەستی ئەنجومەن هەمیشە ماندوویی نەناسانە هەوڵیان بۆ داوە تا بە ئامانج گەیشتوون. جا بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە کارنامەی ٢٤ساڵەی ئەنجومەن و بەسەرنجدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و کۆنگرەکانی ئەنجومەن لەو بیست و چوار ساڵەدا و هەروەها بە راپرسییەک لە جەماوەری خەڵک رادەی سەربەخۆیی ئەنجومەن و بڕیارەکانیمان بۆ دەردەکەوەێت.

کوردپا: مەریوان وەک شارێکی پێشەنگ لە بواری فەرهەنگی، هونەری و ژینگەپارێزی رۆڵی بەرچاوی گیراوە، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان لەم باروە چەندە پشکی بەرکەوتووە؟

ئەنوەر رەوشەن: لە ناو هەموو رێکخراوەکانی فەرهەنگی، هونەری، شانۆیی، ژینگەپارێزی و تەنانەت زانستیشدا وا باوە کە ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان ئەنجومەنی دایکە و دامەزرێنەری هەموو رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکانی شاری مەریوان سەردەمانێک ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی بوون و چالاکییەکانی ئەنجومەن توانی یارمەتیدەری خولقاندنی وەها کەش و فەزایەک بێت لە مەریواندا کە رەوتێکی گشتیی جەماوەری لە هەموو بوارەکاندا شکڵ بگرێت و ئەمە خۆی پیشاندانی بەرکەوتنی پشکی زۆرە لەوبارەوە و دەوری گرنگی ئەنجومەن لەو پێشەنگیەی شاری مەریواندا پیشان دەدات.

کوردپا: لە ماوەی دوو ساڵی رابردووا ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان یەک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە چەندین کۆڕ، سیمینار، کۆنگرە و چالاکیتان بەڕێوە برد، لە حاڵیکدا هیچ چەشنە بودجە و پشتگیریییەکی مادیتان نییە، ئایا ئەم چالاکی و کارە فەرهەنگیانە نیشانەی دەروەست بوون و دڵسۆزیی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوانە، لەم بارەوە ئەزموونی خۆتان باس بکەن؟

ئەنوەر رەوشەن: بەڵێ بێگومان هیچ کارێکی فەرهەنگی بە بێ پشتگیری ماڵی ناکرێت. ئەنجومەن وەک ناوەندێکی سەربەخۆی ریشەدار بە چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی توانیویەتی متمانەی جەماوەری شاری مەریوان بۆ لای خۆی رابکێشێت و بێگومان ئەو پاڵپشتییە خەڵکییە دەریایەکی لەبن نەهاتووە کە هێز و هەتوان بە ئەندامانی ئەنجومەن دەبەخشێت. دڵسۆزی و دەروەست بوونی ئەندامانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەستێنەی کە تێیدا سەری هەڵداوە و ناچارن ئەمەگناسانە پێبەندی خۆشەویستی جەماوەرەکەیان بن. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادیش بە بوودجەیەکی زۆرکەمەوە کە هەیەتی یارمەتی دەری چالاکییەکان بووە، بەڵام هەمیشە قورسایی ماڵی کارەکانی ئەنجومەن لەسەر شانی خەڵکێکە کە ئەنجومەن بە هی خۆیان دەزانن.

کوردپا: لە ماوەی چەند ساڵ چالاکیی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریواندا چەندە توانیوتانە لە بەرەوپێشبردنی زمان و ئەدەب و فەهەنگی کورد و بەتایبەت "پرسی فێرکاریی زمانی کوردی" رۆڵ بگێڕن؟

ئەنوەر رەوشەن: هەروەک دەزانن ئەنجومەن هەوڵی داوە هەر مانگەو پرۆژەیەکی ئەدەبی رۆشنبیری هەبێت و لە ماوەی ١٢ مانگی ساڵدا چالاکیی تایبەت بە خۆی بووە. کۆڕی ئەدەبی، سیمینار و کۆنگرە و دانانی پۆلەکانی خوێندنی زمانی کوردی و ... بە بێ­بەین لەماوەی بیست و چوار ساڵی تەمەنی ئەنجومەندا بوونیان هەبووە.
بێگومان هەر کام لەوانە دەستەیەک لە قەڵەم بەدەستانی هان داوە بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە و دەیان بەرهەم لەدایک بوون. ئایا کۆی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ ئەو کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و کۆنگرانە نووسراون نەیانتوانیوە یارمەتیدەری بەرەوپێشبردنی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کورد بن؟ بێگومان کاریگەری ئەرێنییان بووە و ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە لە شاری مەریواندا ئێستا دوو گۆڤار بە ناوەکانی هایا و زرێبار بڵاو دەبێتەوە کە هەرکامەو جەماوەری تایبەت بەخۆی لە کوردستاندا هەیە.

بێجگە لەمانە ئەندامانی ئەنجومەن دەیان کتێبیان لە بوارەکان وەرگێڕان و ئەدەبی منداڵان و شیعر و چیرۆک و مێژوو و ... بە زمانی کوردی بڵاو کردوەتەوە و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. هەروەها چەندین ساڵە نووسین و شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە و وتارەکانی ئەندامانی ئەنجومەن لە زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامە، گۆڤار و حەفتەنامە کوردییەکاندا بڵاو دەبێتەوە. بێجگە لەمانە هەموو ساڵێکێش پۆلی خوێندنی زمانی کوردی لە قۆناغی سەرەتایی و پێشکەوتوودا بۆ منداڵان دادەنرێت و هەموو ساڵێک پۆلێک لە منداڵە چاوگەشەکان فێری وشەی شیرینی کوردی دەکرێن. ئەمانەی کە باسیان کرا هەمووی لە راستای بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردییە و بە باوەڕی من ئەنجومەن لە ماوەی تەمەنی خۆیدا خزمەتێکی بەرچاوی بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کردووە.

ئا: ئارام. ح
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٧/٠٩/٢٢ - ١٣-١٢-٢٠١٨ - ١١:٣٥ تاران

دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کرێکاریی کورد لە تاران

١٣٩٧/٠٩/٢١ - ١٢-١٢-٢٠١٨ - ١١:٠٢ تاران

لاوێکی پیرانشاری دەسبەسەر کرا

١٣٩٧/٠٩/٢٠ - ١١-١٢-٢٠١٨ - ١٧:٢٥ تاران

هاووڵاتییەکی کورد گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار