بەرموور، راپۆڕتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

١٣٩١/١٢/١٩ - ٠٩-٠٣-٢٠١٣ - ١٠:٠٨ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت١٢٩١ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

بەرموور، راپۆڕتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنانحەفتەی سێیەمی مانگی رەشەممەی ١٣٩١

ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعات لە هاوسەری رۆژنامەنووسێکی کورد، خۆسووتاندنی کچێکی مێرمنداڵ لە مەریوان، گوشاری هیزەئیتلاعاتییەکانی کامیاران بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی دەرەوەی وڵات، پاڵێورانی شیوا نەزەر ئاهاری بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی جیهانی، ئازاد کرانی ٢ ژنە رۆژنامەنووسی کورد لە زیندان، دەرکردنی کچە خوێندکارێکی بەهایی لە زانستگە و بانگهێشت کرانی نیگار حائێری بۆ دادگای لە خۆ گرتووە.

کوردستـــــــــــــــــان

گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆسەر بنەماڵەی مادێح نەزەری

11458.jpg
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، هاوسەری مادێح نەزەری، رۆژنامەنووسی بێسەروشوێن کراوی کورد، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

شیوا گەنجی بەهۆی لێدوان بۆ مێدیاکان لەمەڕ چارەنووسی نادیاری هاوسەرەکەی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەڵێننامەی فەرمیی لێوەرگیراوە و پێیان راگەیاندووە لە ئەنجام دانی هەر چەشنە لێدوانێک بۆ مێدیاکان خۆی ببوێرێت و لەئەگەری سەرپێچی کردن، بەرپرسیارەتی ئەو کارە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.

هاوسەری ئەو رۆژنامە نووسە کوردە بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەکان و نیگەرانی لەمەڕ چارەنووسی مادێح نەزەری، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە نەخۆشخانەی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو.

وەرگرتنی بەڵێننامە لە شیوا گەنجی لە کاتێک دایە کە هاوسەرەکەی لە ٢٠ رۆژ پێش ئێستاوە بێسەروشوێنە و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

پێشتر هاوسەری ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: مادێح نەزەری ١ مانگ پێش ئێستا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرابوو.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا "كەژاڵ هوژەبری" هاوسەری "عەلی دانش" بانگهێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان كرابوو و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردووە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

کەژاڵ ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ٩ ساڵ و مەتین تەمەن ٥ ساڵ"، لاوێنی تەمەن ٢ ساڵو نیو هەیە و ئێستا لە گوندی "بەردەڕەشە"ی مەریوان نێشتەجێن.

عەلی دانش بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە.

خۆسووتاندنی کچێکی مێرمنداڵ لە شاری مەریوان

11457.jpg
کچێکی مێرمنداڵ لە شاری مەریوان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتنە نەخۆشخانەی شاری سنە بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

رێکەوتی ١٤ی رەشەممە کچێک بەناوی "پەریا رەحمەتی" کچی "مەحموود" ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کراوە.

کەسێکی نزیک لەو رووداوەو راگەیاندووە: ئەو کچە بەهۆی گیروگرفتی ژیان کە بەرئەنجامی لێک جیابوونەوەی دایک و باوکی بووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

پەریا نزیک بە ٩٠%ی جەستەی تووشی سووتان بووە و پەرستارانی نەخۆشخانەی شاری سنە باری تەندروستی ناوبراویان ناجێگیر راگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە انوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ١٤ حاڵەتی خۆکوژی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٩ حاڵەتیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.

ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بلاو دەکرێتەوە، کە دەکری ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

کێشەی ئابووری، بێکاری، کێشەی شوێنی نیشتەجێ بوون و لاوازی، یان نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی کە زۆرجار خۆکوشتنی پیاوان و ژنانیشی بەدواوە بووە، بە هۆکارەکانی چوونەسەرێی رێژەی تەلاق لە پارێزگای کوردستان دادەنرێن.

ئیداری تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی رێبەندان، ٣ هەزار و ٢١٠ حاڵەتی تەڵاق لە ئوستانی کوردستان تۆمار کراوە.

گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر بنەماڵەی بەیان مەحموودی

11459.jpg
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەممە، "تۆفیق مەحموودی" خەڵکی شاری کامیاران لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا و بۆ چەندین جاری بەردەوام بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە کراوبوو.

تۆفیق مەحموودی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان تەنیا بە مەبەستی گەڕانەوەی کچەکەی بۆ وڵاتی ئێران لە قەڵەم داوە.

"بەیان مەحموودی" لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کامیارانەوە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ "پەیمان مەحموودی" ئامۆزای خۆی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستبوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکان تاوانی "پەیمان مەحموودی" یان، پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندبوو.

بەیان مەحموودی پاش ١ حەفتە لە دەستبەسەری ئازاد کرابوو و دواتریش بەهۆی زەختی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

لەلایەکی دیکەوە پەیمان مەحموودی هەتا ئێستا لە دەستبەسەری دایە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

ئێـــــــــــــــــــران

شیوا نەزەر ئاهاری پاڵێوراوی خەڵاتێکی جیهانی بوو

11454.jpg
شیوا نەزەر ئاهاری یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەلایەن رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور بۆ وەرگرتنی خەڵاتی جیهانیی "نیتیزێن" پاڵێورا.

ناوبراو یەکێک لەو ٨ رۆژنامەنووس، وێبلاگنووسانەیە کە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "نیتیزێن"ی ئەمساڵ پاڵێوراوە.

رێوڕەسمی دانی ئەو خەڵاتە هەموو ساڵیک لە رێکەوتی ١٢ی مارس بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان و خەبات بەدژی سانسۆر بەڕێوە دەچیت.

شیوا نەزەر ئاهاری لە رێکەوتی ٢٠ی رەشەممە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی خەڵاتی " تئودور هکر"ی بۆ رۆژنامەنووسانی ئینترنێتی، پێ بەخشرا.

ناوبراو کە یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەندامی لێژنەی دامەزرێنەران، بەرپرسی پێشووی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێرانە، لەلایەن لقی ٣٦ دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٧٤ قامچی و هەروەها دوور خرانەوە بۆ زیندنای کەرەج مەحکووم کراوە.

نەسرین تخیری و سەبا ئازەرپیک لە زیندان ئازاد کران

11456.jpg
رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەشەممە ٢ کەسی دیکە لە رۆژنامەنووسە زیندانی کراوەکان ئازاد کران.

نەسرین تخیری دەبیری بەشی کۆمەڵایەتیی رۆژنماەی "ئێعتماد" و سەبا ئازەر پەیک هەواڵنێری پێشووی رۆژنامە و ماڵپەڕی بازتاب بە دانانی بارمتەلە زیندان ئازاد کران.

ئەو ٢ ژنە رۆژنامەنووسەرێکەوتی ٨ی رێبەندانئەمساڵ لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا "موتەهەرە شەفیعی، فاتمە ساغرچی، ئیمیلی ئەمرایی، نەرگس جودەکی و رێحانە تەباتەبایی لە زیندان ئازاد کران.

دەرکران لە زاننستگە بەهۆی پەیڕەوی کردن لە مەزهەبی بەهایی

11460.jpeg
"پانیز فەزل عەلی" خوێندکاری نموونەی ئەندازیاریی سەنعەتیی زانستگەی "عیلم و سەنعەت" بەهۆی پەێرەوی کردن و باوەڕمەندبوون بە ئایینی بەهایی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە پلەی ١٤٦٣ی مەنتەقەی ١ ئێران لە رشتەی ئەندازیاریی سەنعەتی زانستگەی عیلم و سەنعەت وەرگیرابوو.

پێشتریش "سپێدە وەزیری پوور حەقیقی" بەهۆی پەیڕەوی کردن لە ئایینی بەهایی لە زانستگەی "خەرامە"ی ئوستانی فارس دەرکرابوو.

لە ماوەی سالانی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی بەهایی بەهۆی باوەڕمەندبوون بە ئایینی بەهایی لە زانستگە و خوێندنگەکانی ئێران دەرکراون.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران تەنیا پەیڕەوانی ئایینی "ئیسلام، مەسیحی، زەڕدەشتی و کەلیمی" بۆ خوێندن لە زانستگە ق خوێندگەکاندا رێگە پێدراون، بۆیە رێژەیەکی بەرچاو لە هاوولاتیانی بەهایی لە خوێندن بەجێ دەمێنن.

دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی مەسیحی لە تاران

11469.jpg
هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران "قەشە"یەکیان بەناوی "شارزاد. ی" لە تاران دەستبەسەر کرد.

ناوبراو تەمەن ٢٥ ساڵ و دانیشتووی رۆژاوای شاری تاران بووە کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەشەممەی ئەمساڵ لەلایەن هیزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەکانی شاری تاران راگوێزرا.

هێزە ئەمنیەکان تاوانی ناوبراویان پڕوپاگەندە بۆ پێکهێنانی کەنیسەی نێوماڵ و کۆنوونەوەی ئەنقەست بەمەبەستی ئەنجام دانی تاوان، راگەیاندووە.

پێشتریش "فاتمە نووری" یەکێکی دیکە لە قەشە مەسیحییەکان و خوێندکاری رشتەی هونەر لە شاری تاران، بەهۆی پەیڕەوی کردن لە مەزهەبی مەسیحی لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەریدا بوو.

نیگار حائێری بانگهێشتی دادگا کرا

11455.jpg
نیگار حائێری پێی راگەیاندراوە کە رێکەوتی ٢٠ی رەشەممە خۆی بە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بناسێنێت.

ناوبراو کە یەکێک لە پارێزەرانی دادگاکانی شاری تارانە، مۆڵەتی پارێزەرییەکەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ هەڵپەسێردراوە و لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە تاوانی راوێژ کردن لەگەڵ بنەمالاەی زیندانیانی سیاسی دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی "ئێڤین"دا راگیرابوو، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

نیگار هاوڕێ لەگەڵ دایکی خۆی لە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە تاوانی لایەنگری لە موجاهدینی خەڵکی ئێران و بەزاندنی سنوور، دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
کۆمیتەی هەواڵنێرانی بێسنوور
هەواڵدەریی هێرانا
چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران
ماڵپەڕی "محبت"
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٨/٠٤/٠٣ - ٢٤-٠٦-٢٠١٩ - ١٢:٥٣ تاران

ژنە هاووڵاتییەکی سەردەشت، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

١٣٩٨/٠٤/٠٢ - ٢٣-٠٦-٢٠١٩ - ١٢:١٨ تاران

هاووڵاتییەکی کورد "ممنو‌ع ‌الخروج" کرا

١٣٩٨/٠٤/٠٢ - ٢٣-٠٦-٢٠١٩ - ١١:٤٦ تاران

تەقینەوەی "تی ئێن تی"، گیانی جۆشکارێکی کوردی ئەستاند

١٣٩٨/٠٤/٠١ - ٢٢-٠٦-٢٠١٩ - ١٣:١٤ تاران

دەسکورتی، کۆڵبەرێکی لە چارەسەریی پزیشکی بێبەری کرد

١٣٩٨/٠٣/٣١ - ٢١-٠٦-٢٠١٩ - ١٢:٤٢ تاران

جێگیرکردنی چەکوچۆڵی قورس لە سنووری شاری پیرانشاردا

١٣٩٨/٠٣/٣٠ - ٢٠-٠٦-٢٠١٩ - ١٢:٥٠ تاران

ژن و پیاوێک لە زیندانی ڕەجایی شاردا، ئێعدام کران

١٣٩٨/٠٣/٢٩ - ١٩-٠٦-٢٠١٩ - ١٧:٢٦ تاران

لاوێکی کورد لە نزیک زانکۆی ورمێ دەسبەسەر کرا