پەیامی هاوبەشی بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بە بۆنەی کۆچی هونەرمەند ئیسماعیل سابووری

١٣٩٨/٠٣/٢٨ - ١٨-٠٦-٢٠١٩ - ١٧:٤٠ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت١٢٩ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

پەیامی هاوبەشی بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بە بۆنەی کۆچی هونەرمەند ئیسماعیل سابووریئاژانسی کوردپا: بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند ئیسماعیل سابووری، پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا، هاتووە: "ئیسماعیل سابوور ئەو مرۆڤەی کە لە هەورامانی بێشکەی مێژووماندا هاتە دونیاوە و گەرووی زێڕینی ستران و موسیقای کەوتە ژەنین و بوو بە سیمایەکی ناسـراوی هونەری میللیمان."

دەقی پەیامی هاوبەشی بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بەم چەشنەیە:

"نازانم لە کام وشە بلاڵێمەوە/ پەناهەندەی کام فیدراڵی حەسرەت بم/ چۆن بە پەژارە بڵێم/ ها ئەوە کەوشەکانت

کاتێ لەبەر چاوی هەمووتانەوە دارەبەڕوو ئەسووتێ/ دەبێ چۆن کریستاڵی بوون/ لە دەستا ڕاگرم"


بە سترانی بلاوێنی "دەرەگماڵێ" و "حەوزەلارە" و نەرمەشنەی "سۆنی" و "سەرکۆ" فرچکی گرت و لە چەمی "خانەگا" و "پاوە"ی دەلالەوە "دەرەیی" چڕی و بەرەو "ئاتەژگا"ی سیاوچەمانە و "شاهۆ"ی مووزیکی کوردی باڵای نەخشـاند و گەرووی سۆزی لە کرماشانی شیرینـەوە تەقی و لە سنەی سەربەرزەوە بەرەو هەولێر و دیاربەکر و قامیشلۆ و کەرکووکی دڵ شەپۆلی دا و لە سلێمـانی پێتەختی ئاوەز و ڕۆشنبیرییەوە گیرسایەوە، ئیسماعیل سابوور.

ئیسماعیل سابوور ئەو مرۆڤەی کە لە هەورامانی بێشکەی مێژووماندا هاتە دونیاوە و گەرووی زێڕینی ستران و موسیقای کەوتە ژەنین و بوو بە سیمایەکی ناسـراوی هونەری میللیمان. ئەو کەڵەمرۆڤەی کە هەر لە یەکەم هەنگاوەکانی ژیانیەوە ئامێتەی ڕەنج و نەهامەتی و زەحمەت و کەسەر بوویەوە، کەچی بەردەوام ڕێچکەی پڕشانازی هونەری نیشتمانیی بەرنەدا و هەتا سەر ڕێبـواری ئەو ڕێگایە مایەوە و بە دەیان و سەدان کۆپلە و ئالبۆم و مانای زێڕین و سیحراوی سترانی لە سیاچەمانە و مەقام و... نەخشاند و بە شانازییەوە خۆی لە ڕیزی گەورەهونەرانی نیشتماندا جێ کردەوە و بوو بە هێمـای دەنگێکی ڕەسەن و میللی.

بە دڵنیاییەوە بە کۆچی دوایی هونەرمـەندی میللیمان مامۆستا ئیسماعیل سابوور، هونـەری کوردی هونەرڤانێک، کوردستان، سەردارێکی وەفادار، پاوە و هەورامان ڕۆڵەیەکی بەهەڵوێست و بەتوانا و ئێمەش مامۆستایەکی تەواومانانمان لە کیس چوو. بۆیە حەقمـانە ئەگەر لەم ڕۆژەدا و بەردەوام، بە پێکێک لە هەناسەکانی هەورامان و لێوارێک لە سیحری نۆتەکانی مووزیک و سیاوچەمانە و پڕژێک لە پڕچەکانی هەڵبەست و هەڵوێست، دەست لەسەر سینە و ڕێزمەند لە بەرانبەر هەست و سۆز و گەروو و جەستە و هونەریدا ڕاوەستین و دڵگران بەو کۆچەی، خەم دامان ‌بگرێت و ئازاری قووڵی لەدەست‌چوونی، سەدهێندەی‌تر شێلگیرترمان بکات لە بڕینی ئەو ڕێباز و ڕێچکەیەی کە ئەو و هەزارانی ‌تری وەک ئەو، بڕییان.

لە بەرەبەری ماڵاوایی یەکجارەکی لە جەستەی شکۆمەند و هونەرینی مامۆستا ئیسماعیلی سابووردا، وێـڕای دەربڕینی ئەوپەڕی خەم و ناڕەحەتیمان، پڕبەدڵ سەرەخۆشی دەکەین لە خۆمـان و لە بنەماڵەی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خەڵکی بەشەرەفی پاوە و ناوچەی هەورامـان و سەرجەم گەلی کوردستان و کاروانی دوورودرێژی هونەر و مووزیکی کوردستان و هەر لەو کاتەشدا لەگەڵ ڕۆحی ئەو نەمرەمان پەیمان دەبەستین کە درێژەپێدەری ڕێ و ڕێباز و هەڵوێست و هونەرە جوانەکانی دەبین و بە "خان ‌باجی" و "کەمەرەشل" و "بیرەوەری" و "سەفەرنامەی کوردستان" و "یاری نازدار" و دەیان و سەدانی ‌تری، هەست و سۆز و ئەندێشە و هونەرمان بە نیشتماندا دەدوورینەوە و پێدەشتەکانی شاخ سەوز و سەوزتر دەکەینەوە.

بنکە فەرهەنگی و هونەریەکانی پاوە:

١- بنکەی فەرهەنگی هونەری قەڵەمی هاوچەرخی کورد/ پاوە
٢- بنکەی موسیقای پاوە
٣- یانەی موسیقای هەورام پاوە
٤- فێرگای موسیقای نوانس
٥- فێرگای موسیقای دەنگ
٦- ئۆرکێسترای فیلارموونیکی پاوە
٧- یانەی سیاوچەمانەی پاوە
٨- یانەی دەفی پاوە
٩- ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی مەولەوی
١٠- بنکەی فەرهەنگی ئەدەبیی هەورام
١١- بنکەی ژینگەپارێزیی ژیوای

پاوە/ ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٨/٠٤/٢٧ - ١٨-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٢٩ تاران

"موختار زارعی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

١٣٩٨/٠٤/٢٧ - ١٨-٠٧-٢٠١٩ - ١١:١٥ تاران

ماشینی ئێعدامەکان لە کوردستان وەکار کەوتووە

١٣٩٨/٠٤/٢٦ - ١٧-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٢٦ تاران

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندا بەردەوامە

١٣٩٨/٠٤/٢٦ - ١٧-٠٧-٢٠١٩ - ١٢:٠١ تاران

ڕووداوی کار، گیانی هاووڵاتییەکی بۆکانیی ئەستاند

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١٧:٣١ تاران

ئازادکرانی چوار لاوی بەندکراوی کورد لە شاری سنە

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٠٠ تاران

ڕۆمانی "١١ خولەک"، لە بازاڕەکانی تورکیە کۆکرایەوە

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١١:٣٦ تاران

چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خوراسان، زێدی خۆی بەجێهێشت

١٣٩٨/٠٤/٢٤ - ١٥-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٣٦ تاران

سێ هاووڵاتی لە شاری "سایین ‌قەڵا" دەسبەسەر کران

١٣٩٨/٠٤/٢٤ - ١٥-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:١٢ تاران

کۆڵبەرێکی کورد لە "دۆڵەبیـ"ـی سەردەشت گیانی لەدەست دا