کاسبکارێکی بانەیی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە مەریوان کوژرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ٢٢ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری مەریوان لە نزیک بەنداوی "گاڕان"، تەقەیان لە ماشینێکی تویوتا کرد و لە ئاکامدا شۆفێری ئەو ماشینە کە کاسبکارێکی خەڵکی شاری بانە بووە، گیانی لەدەست داوە.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی "زانا محەممەدی"، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی ئیسماعیل خەڵکی شاری بانە ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارە کوردە، هیچ بارێکی پێ نەبووە و هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، تەقەیان لەو کاسبکارە کردووە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا دەڵێت: پاش گواستنەوەی تەرمی نابراو بۆ نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان، هێزە ئینتزامییەکان ئیزنی وێنەگرتن لە تەرمەکەیان نەداوە و دواتر تەرمەکەی بۆ ساردخانەی شاری مەریوان گوازراوەتەوە.
ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی "قاچاخچی شتومەک" هەڵسوکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.