ئێران شەڕی ئیسرائیل بە كوردان دەفرۆشێ

١٣٩٥/٠٥/٠٢ - ٢٣-٠٧-٢٠١٦ - ١٧:٥٦ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت٨٤١ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

ئێران شەڕی ئیسرائیل بە كوردان دەفرۆشێهاوار بازیان

تازە و نامۆ نییە ئەگەر بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەبارەی كوردستان و لێكچوواندنی بە ئیسرائیلەوە لێدوان بدەن تا بتوانن كورد و جوولە و كوردستان و ئیسرائیل لەسەر یەك هێڵی هاوبەش پیشان بدەن، بەڵام بەڕاستی ئەو هەڵسەنگاندنە راست و رەوایە؟ باشە بۆچی ئێران بەردەوام لەسەر ئەو مەسەلە كار دەكا؟ هەموومان دەزانین جمهوری ئیسلامی چی لە ئیسرائیل دەوێ كە ئەویش بە رواڵەت "نابوودكردنی جوولەكە و دەوڵەتەكەیەتی"، بەڵام لەگەڵ كورددا تاران چاوی لە چییە؟ هیچ شاراوە و نوێ نییە كە كورد پەیوەندییەكی زۆر باش و سیستماتیكی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام بۆچی ئێرانییەكان تەنیا لەكاتی نیگەرانی و ترسدا دەست بۆ ئەو كارتە دەبەن و گوایە كوردی پێ دەترسێنن!؟ بە روانینێكی خێرا بەسەر رابردووی رووداوەكان و هەیكەلی ئەو پرسە بەگشتی، چەند راستییەكمان بۆ دەردەكەوێ كە لێرەدا بەكورتی باسیان دەكەین.

١. نێزیبكبوونەوەی زیاتری سعوودیە لە هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ بە دووركەوتنەوەی هەرێم لە ئێران لێكدەدرێتەوە، بەتایبەت وەك ئاگادارن سعوودیە بووەتە هێمای دژایەتیی ئێران لە ناوچەكە و بگرە هەموو جیهاندا. جگە لەوەی سعوودییەكان بەڕەسمی پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و لەو بڕوایەدان تەنیا ئیسرائیل دەتوانێ چاودێری و بەربەرەكانی "ئێرانی شیعی" بكا، هەربۆیە سعوودیەكان بەدۆستایەتیی ئیسرائیل و ئامریكا هەست بە دڵنیایی بۆ "سعوودیەی سووننی" دەكەن!ئەو بابەتە لەمێژەی بەرپرسانی ئێرانی نیگەران و تووڕە كردووە و هەرجۆرە چالاكییەكی ئەو بەرەیە بە دژایەتیی خۆی لێكدەداتەوە.

٢. تۆمەتباركردنی كورد بەوەی دەبیتە ئیسرائیلی دووەم، تەكنیكێكی لاواز و كۆنی وڵاتانی ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیكی ناوچەكەیە و پێیان وایە دەتوانن لەو رێگە ئاسانەوە هەوڵ بدەن زیاترین نەیار و بەربەرەكانی بۆ كورد پەیدا بكەن، ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە هیچ وڵاتێكی ئیسلامی نییە (بە ئێرانیشەوە) كە بەجۆرێك پێوەندیی راستەوخۆ-ناڕاستەوخۆی لەگەڵ جوولە و ئیسرائیلییەكاندا نەبی.

توركیا كە خۆی وەك پێشەنگی ئیسلامییەكانی سەردەم ناو دەبات ئامادە بوو بەبێ هیچ مەرجێك لەگەڵ تەلئەبیب ئاشتی بكات و هێزە فەلەستینییەكانیش ئیتر شەڕی ئێران بۆ ئیسرائیل ناكەن، بۆیە ئەو تەكنیكەی ئێرانییەكان بەوەی بە تێوەگلاندنی كورد بە ئیسرائیل بتوانن دنیای ئیسلام و عەرەب دژی كوردان یەكبخەن ئیتر كاری پێناكرێ و دنیای ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ئاگاداری ورد و درشتی رووداوەكان و پشتی رووداوەكانن.

٣. پێویستە ئەو راستییەش بزانین جوولەكە و ئیسرائیل لەمێژە بەدوای هاوبەشێكی سیاسی و ستراتیژیی هاوشێوەی خۆیان لە ناوچەكەدا دەگەڕێن و پێیان وایە كورد بژاردەیەكی باشە (ئەو بابەتە پێشتر قسە و باسی زۆری لەسەر كراوە و باسی ئێرەمان نییە). هاوكات ئیسرائیلییەكان زۆر لەوە زیرەكترن و كوردەكانیش لەوە وریاترن كە پێوەندییەكانی نێوانیان وا سووك و ئاسان بەردەست نەخەن كە وەك كارتێكی فشاری ئێران دژی كورد و جوولەكە بەكار بێ، هەربۆیە لەو پێوەندییەدا رێگە نادەن بەرپرسانی ئێران پێوەندیی هەرێم-تەلئەبیب بكەن بەهۆی ورووژاندنی دنیای عەرەب و ئیسلام دژی كورد! بۆیە سەرجەم هەوڵەكانی تاران بۆ سەپاندن و سەلماندنی ئەو پەیوەندییە تا ئێستە سەری نەگرتووە و هەرچی هەیە و باسی دەكەن تەنیا وەك دەنگۆیەك لێیان وەردەگیرێ!

٤. جمهوری ئیسلامی پێیوابوو "كێشەی كورد لە ئێراندا بوونی نییە و چارەسەر كراوە"، و ئێستەش وەك پرسیارێكی سیاسی لێكی دەداتەوە كە بۆچی لە ئێستادا هێزە چەكدارەكانی كوردی ئێرانی بەدیاریكراوی حیزبی دیموكرات پاش ٢٠ ساڵ كەمپنشینی، دژی ئێران دووبارە دەستیان بۆ چەك بردووەتەوە؟

بەرپرسانی تاران پێیانوایە و وای لێكدەدەنەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووەتە بەرەی سعوودیە-توركیا-ئەمریكا-ئیسرائیل كە بەرامبەر ئێران-رووسیا-پارتی كرێكاران و لە ئاستی ناوەخۆییشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی سەر بەو بەرەیە دادەنرێ. عەقڵی سیاسیی ئێرانییەكان بەردەوام و خێرا وای لێكدەدەنەوە كە هەر جووڵەیەكی دژەئێرانی لەلایەن كوردەكانی ئێرانەوە ئەگەر پارتی دیموكرات ئاگاداری بی، ئەوە راستەوخۆ ئیسرائیل و سعوودیەش دەستیان تێدا هەیە. هەربۆیە لەگەڵ یەكەم شەڕی دیموكرات لە رۆژهەڵات، یەكەم لێدوانی رەسمی بەرپرسانی ئێرانیمان بیست كە وێڕای تۆمەتباركردنی حكوومەتی هەرێم (لە راستیدا ئێستە هەر پارتییە)، هەڕەشەی لە هەرێمیش كرد بەوەی ئێران بێدەنگ نابی لەو سیناریۆیەی سعوودیە!

٥. ئێران بەردەوام بەدوای دوژمندا دەگەڕێ تا بتوانێ پاساوی مانەوە و بەهێزكردنی خۆی بێنێتەوە و هاوكاتیش فەزایەكی ناوەخۆیی درووست بكا و ئەو پەیامە بە دانیشتووانی ئێران و لایەنگرانی خۆی بدا "ئەگەر ئێران بڕووخێ، دنیاتان دەڕووخێ"! باشمان لەیادە پێش رێككەوتنەكەی دواییی ئەمریكا و ئێران، هەرجۆرە جووڵانەوەیەكی كورد كە پێچەوانەی حەزی بەرپرسانی تاران بووایە راستەوخۆ دەبەسترایەوە بەوەی "كورد بووەتە داردەستی ئەمریكا لە ناوچەكە".

واتە تاشینی دوژمن و سازكردنی دوژمنی دەستكرد بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی شتێكی تازە نییە و هەر لەو پێوەندییەدا كار لەسەر تاشینی دوژمنێكی پتەو لە كورد و هەرێمی كوردستان دەكەن كە ئەگەر هاتوو شیمانەی دەوڵەتبوونی كورد سەری گرت ئەوە فارسەكان بتوانن بەناوی "ئیسرائیلی دووەم" فتوا و بڕیاری سەیر و توند دژی كورد و دەوڵەتەكەی بدەن. بەر لە رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت، دەسەڵاتی ئێرانی تۆمەتی "ماركسیست و سۆڤیەتی" لە نەیارانی خۆی دەدا، بەڵام ئێستە مۆسكۆ یەكەم هاوپەیمانی تارانە! هیچ رێپێوانێك نەبوو كە تێیدا ئێرانییەكان ئاڵای ئەمریكا نەسووتێنن، بەڵام ئێستە داوا دەكرێ واشنتۆن لە تاران نووسینگە بكاتەوە! بۆیە دوژمنایەتییەكانی ئێران لەگەڵ كوردیش شتێكی كاتی و دەورانییە و لە ئەساسدا شەڕی بەرژەوەندییە نەك ئایدیۆلۆژیك!

٦. دەسەڵاتی ئێرانی هەست بە ترس دەكا و پاش ئەوەی دەرگیری چەندین شەڕ و كێشەی ناوەخۆی و دەرەكی بووە تا رادەیەكی زۆر ئاڵۆزە. جگە لە تەنگژە ناوەخۆیییەكانی، لە ئاستی دەرەوەشدا تێكەڵبوونی بە شەڕی یەمەن و كردنەوەی بەرەیەكی شەڕ بۆ حوسییەكان دژی سەرۆكی یەمەن و هاوپەیمانی عەرەبی و لەلایەك تێكەڵبوون بە شەڕی سووریا و رێگەنەدان بە رووخانی بەشار ئەسەد و هەروەها سەرقاڵبوونی سوپای قودس بە شەڕی داعش وایكردووە درووشمی "لەناوبردنی ئیسرائیل" كە جەوهەر و بناخەی جمهوری ئیسلامی بوو لە ئێستەدا بكەوێتە ریزی دواوەی بەرنامەی كاری ئەو دەسەڵاتە! هەر بۆیە هەرجۆرە لێدوان و باسی بەرپرسانی ئێرانی بەوەی تۆمەتی ئیسرائیلی لە كورد بدەن نەك هەر هیچ بەهایەكی نییە و هەڕەشە نییە، بگرە نیشانەی لاوازی و سەرلێشێواوی بەرپرسانی ئێرانییە و پێویستە كورد بە فاڵی خێر لێكیبداتەوە.

ئەنجام
تەمەنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی پڕە لە هەڕەشەی كوشتن و لەناوبردن و نەهێشتنی وڵاتان و رێكخراو و كەسەكان كە هەموویان تەنیا بۆ چەواشەكردنی هاوبیرانی خۆیان بووە و لە ئاستی دەرەكیدا كەمترین بایەخی سیاسی و یاسایی نەبووە. بۆیە ئەگەر بەرپرسێكی باڵا لە تارانەوە بە تانە و هەڕەشەوە باس لەوە دەكات دەوڵەتی كوردی دەبێت بە ئیسرائیلی دووەم، پێویستە هەموو كەسێك و بەتایبەت كورد لێی بپرسێ: باشە مەگەر دەسەڵاتی ئایینیی ئێران لە ماوەی ٣٨ ساڵی تەمەنی ئاسن و ئاگری خۆیدا بەرامبەر "ئیسرائیلی یەكەم" چی كردووە تا كوردستان وەك "ئیسرائیلی دووەم" لێی بترسێ؟! وەڵامەكەی هیچە!

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٥/١٢/٠٣ - ٢١-٠٢-٢٠١٧ - ١١:١١ تاران

تەقینەوەی مین لە ئەهواز لاوێکی کردە قوربانی

١٣٩٥/١٢/٠١ - ١٩-٠٢-٢٠١٧ - ١٧:٤٢ تاران

تەقینەوەی مین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

١٣٩٥/١١/٢٩ - ١٧-٠٢-٢٠١٧ - ١٢:١٢ تاران

قەساسی سیاسییەکی کورد لە قوم یەکلایی کرایەوە

١٣٩٥/١١/٢٨ - ١٦-٠٢-٢٠١٧ - ١١:١٣ تاران

هەرەسی ڕنوو لە سیلوانا دوو هاووڵاتیی کردە قوربانی

١٣٩٥/١١/٢٧ - ١٥-٠٢-٢٠١٧ - ١٨:٢٠ تاران

سەرما و سۆڵ برستی کۆڵبەرێکی کوردی بڕی

١٣٩٥/١١/٢٧ - ١٥-٠٢-٢٠١٧ - ١٢:٤١ تاران

مادەی هۆشبەر لە ئێران ڕۆژانە گیانی ١٠کەس دەستێنێت

١٣٩٥/١١/٢٦ - ١٤-٠٢-٢٠١٧ - ١٢:٠٤ تاران

دانیشتوانی ئەهواز ڕژانە سەر شەقام