بەرموور (١٨-٩٤) : راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

حەفتەی دووەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
کرماشان؛ دوو ژن ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چەند رۆژ پێش ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی شەهلا تاهیری بە پژاندنی نەوت بە سەر خۆی و هاوسەرەکەی، دەستی دایە خۆکوژی و لەئاکامدا گیانی لە دەست دا.
ئەو ژنە کوردە بە هۆی هەژاری و دەست کورتی دەستی داوەتە خۆکوژی و بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکرا، دۆخی جەستەیی هاوسەرەکەشی نالەبارە.
هەروەها ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی گوندی "بەوراوا"ی شاری روانسەر، بە ناوی " شادی بەشارەتی" لە رێگای خۆ سووتاندنەوە هەوڵی خۆکوژی دا.
ناوبراو هەنووکە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
شنۆ؛ ٣ ژن بوونە قوربانی کێشەی خێزانی

بە هۆی کێشەیەکی خێزانییەوەدوو ژن گیانیان لە دەست دا و ژنێکی دیکەش بریندار بوو
بە هۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لە شاری شنۆ دوو ژن گیانیان لە دەست دا و ژنێکی دیکەش بریندار بوو.بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانان، پیاوێکی دانیشتووی شاری شنۆ بەناوی "ی . تەوحیدی" دوای ئەوەی چووە ماڵی هاوسەری پێشووی بەناوی "م. سابری"، بە چەک گیانی ناوبراوی ئەستاند.
هەروەها ، لەو کێشە خێزانییەدا دایکی خانمی سابری کە تەمەن ٥٥ ساڵان بووە کوژراوە.
هەروەها خۆشکی ناوبراو بە هۆی بەرکەوتنی گولەوە بریندارە و ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
بوکوژەکە کە خەڵکی گوندی "دواو"ی سەر بە بەخشی "ناڵۆس" بووە، دوای کوشتنی ژنی پێشوو و دایکی و کوڕە تەمەن ٥ ساڵەکەی کۆتاییشی بە ژیانی خۆی
هێناوە.
ئێران
موحاکمە کرانی سی هاووڵاتی بەهایی لە گولستان

جەلەسەدی دادگایی کردنی سە هاووڵاتی ژنی بەهایی لە گولستان
جەلەسەدی دادگایی کردنی سە هاووڵاتی ژنی بەهایی لە پارێزگای گولستان بەڕێوە چوو.بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا، جەلەسەی دادگایی کردنی سێ هاووڵاتی ژنی بەهایی بە ناوەکانی روفیا پاکزادان، سوودابە مەهدی نیژاد و نازی تەحقیقی بە سەرۆکایەتی دادوەر قەنبەری بەڕێوە چوو.
ئەو سێ هاووڵاتییە رەزبەری ساڵی ٩١ دەستبەسەر کرابوون و بە تۆمەتی " پڕوپاگەندە دژی نیزام" دادگایی کران.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ حوکمێک لەلایەن دادگاوە رانەگێندراوە.
ئامادە کردن: شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٥حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ٣ حاڵەت)