بەرموور (٣٠): راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

١٣٩٣/٠٨/٠٧ - ٢٩-١٠-٢٠١٤ - ١٧:٠٣ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت٣٠٩٠ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

بەرموور (٣٠): راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنانحەفتەکانی یەکەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە کوژرانی ژنێک لە بانە و خۆکوژیی ژنێکی دیکە لە ئیلام و ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەدەستبەسەر کردنی ٣ چالاکی ژن و داواکردنی بڕی ٤٠٠ ملوێن تمەن بارمتە بۆ ئازادی ناهید گورجی و هەروەها لەسێدارەدانی رێحانە جەباری، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

کوشتن لەژێر ناوی شەرەف ئەمجارەیان لە بانە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی گەنج لەشاری بانە، لەژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا بە دەستی هاوسەرەکەی و خەزووری گیانی لێ ئەستێندرا.

22928.jpg
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنج‌شەممە ١ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی گوڵاڵە کچی حەسەن، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بە دەستی مێردەکەی و خەزووری بەشێوەیەکی هۆڤانە کوژرا.

ئارام مەولوودی هاوسەری گوڵاڵە رایگەیاندووە کە ناوبراو خیانەتی پێکردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، تەرمی ئەو ژنە گەنجە لەلایەن بکوژانەوە بەشێوەیەکی هۆڤانە ئەنجن ئەنجن کراوە و هەتا ئێستا دەزگای دادوەری و پۆلیسی حکوومەتی ئیسلامی بەدواداچوونی بۆ ئەو رووداوە نەکردووە.

خۆکوژیی ژنێکی دووگیان لە ئیلام

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی کورد لەشاری ئیلام بە هۆکارێکی ناڕوون دەستی دایە خۆکوژی و لەئاکامدا گیانی لەدەست دا.

22927.jpg
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، ژنێکی دووگیان کە شووناسی "م . خ" راگەندراوە لە سەر بینای شوێنی کارەکەی (ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئیلام)خۆی دەخاتە خوارەوە و گیانی لە دەست دەدات.

ئەو هاوڵاتییە کوردە دوای ئەوەی لە بەرزایی ١٥ میترییەوە خۆی فڕیدایە خوارەوە، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەوڵەکانی پزیشکەکان هیچ ئاکامێکی نەبوو و ناوبراو گیانی لە دەست دا.

هەتا ئێستا هۆکار ئەو خۆکوشتنە روون نەبۆتەوە، بەڵام بەرپرەسی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئیلام بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە، کە ئەو ژنە هیچ کێشەیەکی نەبووەو جێگەی متمانەی کاری و ئەخلاقی بووە.

ئێـــــران

ئاتنا داییمی لەتاران دەستبەسەر کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی مەدەنی دانیشتووی تاران لەلایەن دامودەزگاکانی پەیوەندیدار بە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

22925.jpg
ئاتنا داییمی چالاکی مەدەنی دانیشتووی تاران
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی سێشەممە ٢٩ی رەزبەر، ئاتنا داییمی چالاکی مەدەنی دانیشتووی تاران لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هێندێک لەسەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێ هێزە ئەمنییەکان دوابەدوەی دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە، خانووەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.

سزای زیندانیی مەعسوومە قولیزادە جێبەجێ کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا مەعسوومە قولی‌زادە خوێندکاری دوکتۆرای فەلسەفەی زانکۆی ئانکارا، دوابەدوای سەردانی بنکەی ١١ی جێبەجێکردنی سزاکانی تەورێز دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

22924.jpg
مەعسوومە قولی‌زادە خوێندکاری دوکتۆرای فەلسەفەی زانکۆی ئانکارا
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،ئەو چالاکە خوێندکارییە سزای ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

مەعسوومە قولی‌زادە ٣١ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەشاری تاران دەستبەسەر و رۆژی پێنج‌شەممە ٢٩ی گەلاوێژ، بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی ئازاد کرابوو.

مەعسوومە قولی‌زادە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی خوێندنی کارناسیی باڵای لە رشتەی فەلسەفەدا تەواو کردبوو، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن سەردانی وڵاتی تورکیای کردبوو، بەڵام دوای گەڕانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو.

دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی بۆ ناهید گورجی

لەماوەی رۆژانی رابردوودا بۆ ناهید گورجی هاوڵاتی دانیشتووی شاری مەشهەد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بڕی ٤٠٠ ملوێن تمەن بارمتە دیاری کرا.

22923.jpg
ناهید گورجی
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دوای دوو حەفتە لەدەستبەسەر کرانی ناهید گورجی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە، بە بنەماڵەی ئەو چالاکەیان راگەیاندووە کە بەمەبەستی ئازادکردنی ناوبراو پێویستە ٤٠٠ ملوێن تمەن وەکوو بارمتە دابنێن.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە رایگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە بۆ بنەماڵەی گورجی زۆر زۆرە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تاوانەی کە بەهۆیەوە دەستبەسەر کراوە یەک ناگرێتەوە.

مەهدیە گوڵڕوو دەستبەسەر کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا و دوابەدوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی چالاکانی ژن لە هەمبەر مەجلیسی ئێران، مەهدیە گوڵڕوو لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

22926.jpg
مەهدیە گوڵڕوو یەکێک لە ئەندامانی کانوونی شارۆمەندیی ژنان
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، مەهدیە گوڵڕوو یەکێک لە ئەندامانی کانوونی شارۆمەندیی ژنان، کە ساڵی ٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣٠ مانگ لە زیندان راگیرابوو، رۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ ماڵەکەی، دەستبەسەر کرا.

ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ چەندین چالاکی دیکەی بواری مافەکانی ژنان رۆژی چوارشەممە ٣٠ی رەزبەر بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە رووداوەکانی ئەم دواییانەی شاری ئیسفەهان و پرژانی تیزاو بە رەووخساری جەندین کچ و ژنی ئەو شارە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو.

رێحانە جەباری لەسێدارە درا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا سزای سێدارەی رێحانە جەباری لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

22922.jpg
رێحانە جەباری
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر، سزای سێدارەی رێحانە جەباری مەلایری تەمەن ٢٧ ساڵ لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوە چوو.

رەیحانە جەباری مەلایری کچی فەریدوون لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە بە کوشتنی کەسێک بەناوی مورتەزا عەبدولعەلی سەربەندی ، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعات تۆمەتبار و دواتر سزای قەساسی بەسەردا سەپێندرا.

پێشتر هەواڵدەری کوردپا بڵاوی کردبوویەوە، کە لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥ ژن لە زیندانەکانی ئیران لەسیدارە دراون.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "کوردستان و کورد" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٣ حاڵەت)
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٨/٠٤/٢٧ - ١٨-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٢٩ تاران

"موختار زارعی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

١٣٩٨/٠٤/٢٧ - ١٨-٠٧-٢٠١٩ - ١١:١٥ تاران

ماشینی ئێعدامەکان لە کوردستان وەکار کەوتووە

١٣٩٨/٠٤/٢٦ - ١٧-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٢٦ تاران

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندا بەردەوامە

١٣٩٨/٠٤/٢٦ - ١٧-٠٧-٢٠١٩ - ١٢:٠١ تاران

ڕووداوی کار، گیانی هاووڵاتییەکی بۆکانیی ئەستاند

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١٧:٣١ تاران

ئازادکرانی چوار لاوی بەندکراوی کورد لە شاری سنە

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٠٠ تاران

ڕۆمانی "١١ خولەک"، لە بازاڕەکانی تورکیە کۆکرایەوە

١٣٩٨/٠٤/٢٥ - ١٦-٠٧-٢٠١٩ - ١١:٣٦ تاران

چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خوراسان، زێدی خۆی بەجێهێشت

١٣٩٨/٠٤/٢٤ - ١٥-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:٣٦ تاران

سێ هاووڵاتی لە شاری "سایین ‌قەڵا" دەسبەسەر کران

١٣٩٨/٠٤/٢٤ - ١٥-٠٧-٢٠١٩ - ١٣:١٢ تاران

کۆڵبەرێکی کورد لە "دۆڵەبیـ"ـی سەردەشت گیانی لەدەست دا