بەردەداری لە ئیسلامدا

١٣٩٣/٠٧/١٤ - ٠٦-١٠-٢٠١٤ - ١٧:٤٣ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت١٦٠٨ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

بەردەداری لە ئیسلامدا رامان نەسری

ماددەی چواری راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ لە بارەی بەردەدارییەوە دەڵێ: هیچ کەس نابێ ببێ بە بەندە و بەردە، کۆیلەداری و بازرگارنی کردن بە مرۆڤ لە هەر شێوازێکدا بێت، قەدەغەیە.

ئەم بابەتە کۆمەڵێک لە یاساکانی قورئان و حەدیس لەبارەی کۆیلەدارییەوە لەخۆ دەگرێ و قەزاوەت لە دروستی و نادروستیی ئەو یاسایەنە بە دەستی خوێنەرانی بەڕێزە. هەرچەندە یاسای دیکە و ئایەتی زۆر لەو پێوەندییەدا هەبوو بەڵام بە مەبەستی پێشگیری لە تیکرار، لە هێنانەوەی هەموویان خۆم بواردووە.

کۆیلەداری لە ئیسلامدا:

گەورەترین سەرچاوەی ئایینی ئیسلام کە لەلایەن هەموو مەزهەب و فیرقە مەزهەبییەکانەوە پەسندە و جێی مناقشە نییە قورئانە، بۆیە بە هێنانەوە چەند ئایەتێک دەست پێ دەکەین و دواتر دەچینە سەر حەدیسەکان.
فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ ۖ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَلَّا تَعُولُوا ﴿نساء ٣﴾

واتە: هەر چەندە کە ویستتان، دوو یان سێ، یان چوار ژن لە خۆتان مارە بکەن و ئەگەر ترسی ئەوەتان هەیە کە بە عەداڵەت هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، تەنیا یەک ژن و یان بەوانەی کە بوونەتە خاوەنیان واتە کەنیزەکان، کەڵکیان لێ وەبگرن، هەتا تووشی ستەمکاری نەبن.

ئەم ئایەتە دەڵێ: دوو ژن، سێ ژن و چوار ژن لە خۆتان مارە بکەن و ئەگەر دەترسن لە بەڕێوەبردنی عەداڵەت و دادپەروەری لە نێوانیاندا ئەوە، یەک ژن بهێنن و یان ئەوانەی کە بوونەتە خاوەنیان کەڵکیان لێ وەر بگرن. لە ئایەتەکانی دیکەی قورئاندا ئەم کەڵک وەرگرتنە پێوەندی سێکسیش دەگرێتەوە و لۆمە نەکراوە.

ئایینی ئیسلام بەم ئایەتە رێگەی بە موسڵمانان داوە کە کەنیز (بەردەی ژن)یان هەبێت نەک هەر هەیانبێت، بەڵکوو دەتوانن وەکوو ژنی خۆشیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن. هەر چەندە باسی فرە ژنی لە بەشێکی دیکەی قورئاندا رەت کراوەتەوە، بەڵام باسی ئەم بابەتە نییە و لەم بابەتەدا تەنیا باس لە بەردەداری لە ئایینی ئیسلامدا دەکەین.

ئایینی ئیسلام بەردەداریی بە فەرمی ناسیوە و راشکاوانە لە قورئاندا باسی کردووە. محەممەد و ئەسحابە شوێنکەوتووەکانی سەردەمی خۆی، هەموویان بەردەدارییان کردووە، ئیسلام گەورەترین و درێژماوەترین سیستەمی بەردەداریی لە جیهاندا بنیات ناوە، بەردە یان کۆیلە لە زۆربەی مافەکانی مرۆڤ بێ بەشە. بەردە مافی ئازادی، مافی خاوەنداریەتی، مافی هەڵبژاردنی هاوسەر، مافی منداڵ بوون و هتد نییە، بەردە تەنیا مافی ژیانێکی چوارچێوەداری هەیە.

لە ئایینی ئیسلامدا مرۆڤەکان بە دوو جۆری "ئازاد" و "بەردە" دابەش دەکرێن. واتە هەر مرۆڤێک یان ئازادە کە دەکرێ خاوەن بەردە بێت، یان بەردەیه و مرۆڤێکی دیکە خاوەنیەتی.

بەردە وەکوو کاڵایەک وایە کە دەفرشرێ و وەکوو میرات دابەش دەکرێ، سەرەمڕە کار بۆ خاوەنەکەی دەکا لە زۆربەی مافە ئینسانییەکان بێبەش دەکرێ، لەهەمبەر هەر هەڵەیەکدا تەمبێ دەکرێ و بۆ کاری زۆرەملێ تەنیا پارووە نانێکی دەدرێتێ.
پێغەمبەر و زۆربەی ئەسحابەکان خاوەنی بەردە بوون کەلە سەرەدەمی خەلافەتی عومەر و عوسماندا کۆمەڵێک لە ئەسحابەکانی پێغەمبەری خوا زیاتر لە هەزار بەردەی (غوڵام و کەنیز)یان هەبووە.

بەپێی فەرموودەکانی خوا واتە قورئان کە بە وتەی خۆی لە رێگەی جوبرەییلەوە نێردراوەتەوە، نایەکسانیی نێوان بەردە و خاوەنەکەی ئیرادەی خوایە: وَاللَّهُ فَضَّلَ بَعْضَكُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ فِي الرِّزْقِ ۚ فَمَا الَّذِينَ فُضِّلُوا بِرَادِّي رِزْقِهِمْ عَلَىٰ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَهُمْ فِيهِ سَوَاءٌ ۚ أَفَبِنِعْمَةِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ (71) واته خوا هەندێک لە ئێوەی لە باری رزقەوە بەسەر هەندێکی دیکە بەرزتر کردەوە و ئەوانەش کە بەرزتر کراونەتەوە، رزقی خۆیان بە بەردەکانیان نادەن هەتا یەکسان بن.

قورئان وەکوو گەورەترین سەرچاوەی ئایینی ئیسلام هەنگاوێکی بانتری هاویشتووە و نەک بەردەداریی قەدەغە نەکردووە، بگرە سنووری بۆ ''بەردە'' و ''ئازاد''یش دیاری کردووە.

لە لایەکی دیکەوە لە ئایەتی ٧٥ی هەمان سوورەت، خواوەند نموونەی نایەکسانیی نێوان بەردە و خاوەنەکەی هێناوەتەوە:
ئایا بەردە کە هیچ توانایی‌یەکی نییە، لەگەڵ مرۆڤێک کە لەلایەن خۆمانەوە رزقمان داوەتێ ... یەکسانن؟

ئەگەر بەردەی موسڵمانێک هەڵبێت لە روانگەی محەممەدەوە گوناحێکی گەورەیە، لە ''مستدرک علی الصحیحین حدیث ٧٣٣٠''دا دەڵێ: نوێژێ دوو کەس قەبووڵ نییە، بەردەیەک کە هەڵدێت هەتا دەگەڕێتەوە و دووهەم ژنێک کە نافەرمانی مێردەکەی بکات.

کۆیلەکان واتە کەنیز و غوڵامەکان لە سەردەمی خەلافەتی عەلیی کوڕی ئەبوتالیبدا خوێنیان حەڵاڵ دەبوو ئەگەر هەڵهاتبان و نەگەڕابایەنەوە لای خاوەنەکانیان (تاریخ طبری جلدی ٦ لاپەرەی ٢٣٣٩) و لە هەندێ لە حەدیسەکانی دیکەدا، ئازادی، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، خواردنی ماڵی خۆیان لەلایەن کۆیلەکانەوە رێگەدراو نەبووە.

ئایەی ٥ و ٦ لە سوورەتی مٶمنون بەم شێوەیە لەسەر سێکس لەگەڵ بەردەکان دەدوێ و دەفەرمێ!: وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ {٥} إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (٦) واتە: ئەو کەسانەی کە ئالەتی سێکسیان پاک رادەگرن تەنیا دەتوانن لەگەڵ ژنەکانیان و کەنیزەکانیان (بەردەی ژن) سێکس بکەن و لەو پێوەندییە قەت لۆمە ناکرێن.

لە درێژەی ئەو ئایەتەشدا دەڵێ ئەو کەسانە کە جیا لەوە بکەن، دەستدرێژییە!!!!
هەروەها لە کۆمەڵێک فەرموودەی پێغەمبەردا کە لەلایەن لایەنگرانی دوو مەزهەبی سوننە و شیعەشەوە پەسند کراون، کڕینی کەنیز و پێوەندیی سێکسی لەگەڵی کارێکی موستەحەبە واتە ئەنجام دانی باشترە لە ئەنجام نەدانی.

ئایەتێکی دیکە:
يَا أَيُّهَا الَّذِيْنَ آمَنُوْا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى ۖ الْحُرُّ بِالْحُرِّ وَالْعَبْدُ بِالْعَبْدِ وَالأُنْثَى بِالأُنْثَى ۚ فَمَنْ عُفِيَ لَهُ مِنْ أَخِيْهِ شَيْءٌ فَاتِّبَاعٌ بِالْمَعْرُوْفِ وَأَدَاءٌ إِلَيْهِ بِإِحْسَانٍ ۗ ذَلِكَ تَخْفِيْفٌ مِّنْ رَّبِّكُمْ وَرَحْمَةٌ ۗ فَمَنِ اعْتَدَى بَعْدَ ذَلِكَ فَلَهُ عَذَابٌ أَلِيْمٌ. (بقرە ١٧٨).

بەگوێرەی ئەم ئایەتە ئەگەر بەردەیەک کەسێکی ئازاد بکوژێت ئەوە قیساس دەکرێ و بە پێچەوانەوە ئەگەر کەسێکی ئازاد بەردەیەک بکوژێت ئەوە تەنیا خوێن بەهاکەی دەدات، هەر وەک چۆن ئەگەر ژنێک پیاوێک بکوژی ئەوە قیساس دەکرێ واتە دەکوژرێتەوە، بەڵام ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێ ئەوە وەکوو بەردەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و تەنیا خوێن بەهاکەی دەدرێ. واتە بەهای ژن و بەردە لە یەک ئاست دایە و دیسان لە خۆیدا کۆمەڵێک پارادۆکسی دیکەی دروست کردووە کە هەڵگری ناوەڕۆکی ئەم بابەتە نییە.

لە روانگەی ئیسلام و عەرەبەوە، کەنیز کاڵایە، بازرگانی کردن واتە کڕین، فرۆشتن و تەنانەت حاڵ کردنیشی بۆ کەسێکی دیکە حەڵاڵە واتە، ئەنجام دانی پاداشی هەیە و موسڵمانان بەپێی ئەم دەقەی قورئان و حەدیس هان دەدرێن بۆ ئەنجام دانی. کەسانێکی زۆر دەتوانن جێژی سێکسی لە کەنیز وەربگرن و تەنیا شتێک کە گرینگ نییە ویستی کەنیزەکەیە، چونکە ئەو کاڵایە و مرۆڤ نییە.

پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەلایەن بەردەوە بە دەستی خاوەنەکەیەتی، پێغەمبەری خوا لە (مغنی جلد ٧ لاپەڕەی ٤٩ و ٦٦) دەفەرمێ! هەر بەردەیەک بە بێ ئیزنی خاوەنەکەی ژیانی هاوبەش پێک بهێنێت زیناکارە واتە گوناحی کردووە، هەروەها تەڵاقی بەردەش بە دەستی خاوەنەکەیەتی.

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا! منداڵانی بەردەکانیش هەر بەردەن و خاوەنیان هەر ئەو کەسەیە خاوەنی دایک و باوکەکەیانە.

لە ئایینی ئیسلامدا بەردە لە رێگەی کڕین، خەڵات کردن و شەڕ لەگەڵ کافران و ناموسڵمانان بە دەست دێت. لە سەردەمی پێغەمبەردا ژنان و منداڵان وەکوو غوڵام و کەنیز دەکران بە کۆیلە و پیاوەکانیش کە ئەسیر دەکران، یان دەکوژران، یان بە بڕە پارەیەکی زۆر ئازاد دەکران، یان هەر ئەوانیش دەکران بە بەردە. گەورەترین بەردەگیری و کۆیلەداری لە سەردەی پێغەمبەر و لە درێژەی شەڕەکانی ئیسلام و بڵاوە پێکردنی قەڵەمڕەوی ئیسلام هاتە ئاراوە.

ئاخۆ لە بنەڕتدا کۆیلەداری شتێکی دروستە؟ ئایا ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامدا بەڕێوە دەچێ؟ موسڵمانان ئەم سەردەمە هەتا چەندە ئەو موستەحەبە ئەنجام دەدەن وەکوو باقی سوننەتەکانی پێغەمبەر؟ ئەگەر ئەنجامی نادەن ئایا چیدیکە بە بەکەڵک نایەت و لە خۆڕا لە لاپەڕەیەک لە قورئانی داگیر کردووە؟ ئایا لە بنەڕەتدا بەڕێوەبردنی ئایینی بەردەداری هەنووکە لە جیهانی ئیسلامدا لواوە؟ ئێستا کێ ئامادەیە ببێتە کەنیز یان غوڵام؟

هەرچەندە هەنووکە لە ئیسلام عەرەبدا کەس ناوی منداڵەکانی نانێتە ''غوڵام''، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کوردستان چی؟ تۆ چەند کەس دەناسی کە ناوی ''غوڵام'' بێت؟

بەردەداری و کۆیلەداری کە بەم شێوەیە لە ئیسلامدا برەوی پێ دراوە و دەقە ئایینییەکان و سوننەتی خوا و پێغەمبەر کە یەکەم رێگە خۆشکەری ئەم پێشێلکارییەی مافی مرۆڤن، وەکوو کردەوەی باش و رەوا لەقەڵەم دراوە. بەردەداری لە ئیسلامدا هێندە گەرینگیی پێ دراوە کە جاری وا هەبوو خاوەن بەردەیەک بەهۆی پێشێلکردنی یاسایەکی ئیسلامیی لەلایەن حاکمی ئیسلامی بە لێ ستاندنەوەی بەردە، سزا دراوە.

بەردەداری پێش هاتنی محەممەد و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە عەرەبستان و لەنێو خێڵە عەرەبەکان و بیاباننشینەکاندا باو بوو، بە هاتنی محەممەد، کۆمەڵێک بەردە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو خێڵانە ئازاد کران و بەردەداری لە قاڵبی خێڵەکییەوە گۆڕدرا بۆ بەردەداریی ئایینی و ئیسلامی.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین بەردەداری و بە کۆیلەگرتنی مرۆڤەکان لەلایەن ئیسلامەوە رێگەی پێ دراوە، ئیسلامێک کە نەگۆڕە و هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک تێیدا حەرامە و بە وتەی زانایانی ئەو ئایینە نەلواوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٥/٠٩/١٣ - ٠٣-١٢-٢٠١٦ - ١١:٥٤ تاران

دایکێک بووە قوربانیی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانە

١٣٩٥/٠٩/١٢ - ٠٢-١٢-٢٠١٦ - ١١:٢٣ تاران

کەنیسەیەکی کۆنی ئەرمنییەکان لە سەڵماس ڕووخێندرا

١٣٩٥/٠٩/١١ - ٠١-١٢-٢٠١٦ - ١٧:٢١ تاران

نەورۆز وەکوو ڕۆژێکی جیهانی تۆمار کرا

١٣٩٥/٠٩/١٠ - ٣٠-١١-٢٠١٦ - ١٣:٢٠ تاران

کرێکارێکی کورد تووشی ڕووداوی کار بوو

١٣٩٥/٠٩/١٠ - ٣٠-١١-٢٠١٦ - ١٣:١٩ تاران

کرماشان/ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ٥ کەس بوونە قوربانی

١٣٩٥/٠٩/٠٩ - ٢٩-١١-٢٠١٦ - ١١:٥٧ تاران

پارێزەرانی کرماشان: سەربەخۆییمان هەرەسی هێناوە

١٣٩٥/٠٩/٠٧ - ٢٧-١١-٢٠١٦ - ١٧:٥٦ تاران

ئیتلاعاتی سپای کوردستان ٥ هاووڵاتیی دەستبەسەر کرد