روانگەی حەفتە: لە حەفتەی یەکەمی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢١٨ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران تۆمار کراوە

١٣٩٢/٠٥/١٦ - ٠٧-٠٨-٢٠١٣ - ١٠:١٩ تارانچاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ژماره‌ی بینینی بابه‌ت٣١٥٥ قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌

روانگەی حەفتە: لە حەفتەی یەکەمی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢١٨ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران تۆمار کراوەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر حەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی ''روانگەی حەفتە'' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

راپۆرتی حەفتانەی ''روانگەی حەفتە''، لە حەفتەی یەکەمی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ئاوڕ لە ٢١٨ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‌دەداتەوە کەلە ناویاندا ٦ حاڵەتی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، ٨ حاڵەتی نالەباریی دۆخی تەندروستیی زیندانییانی سیاسیی کورد، ١٣٩ حاڵەتی دەستبەسەرکردن، یەک حاڵەتی خۆسووتاندن بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، حالەتێک بەناچاری وڵات بەجێهێشتن، ٢ حاڵەتی ئازاردانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد و بانگهێشت کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٦١ حاڵەتی سەپاندی حوکمی زیندان بۆ چالاکانی سیاسی و مەزهەبیی کورد، لەخۆ دەگرێت.

14423.jpg


تەقەکردنی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد:

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا لەگەڵ چەند حاڵەتی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خەڵکی مەدەنیی کورد بەرەوڕوو بووین کە کوشتن و برینداربوونی ٥ هاووڵاتیی کورد کە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخیان لێکراوە و هەروەها کوشتنی سەربازێکی کورد لەکاتی ئەنجام وەزیفەدا لێکەوتووەتەوە.

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە رێگای پیرانشار ـــ سەردەشت، کوشتن و بریندار بوونی خوشک و برایەکی خەڵکی شاری سەردەشتی لێکەوتەوە.

رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ''سالار عەبدوڵڵایی''، کوڕی ''محەممەد'' گیانی لەدەست دا و خوشکەکەیشی بە توندی بریندار و بۆ چارەسەیی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

لەلایەکی دیکەوە سەربازێکی کورد بەناوی ''ئومید محەممەدی'' بە تەقەی راستەوخۆی فەرماندەیەکی نیزامیی پادگانی سپای پاسداران لە ''ساڵح ئاباد''ی بانە، لەسەر کێشەی مەزهەبی، کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سەربازە دوای دەمەقاڵەیەکی زۆر لەگەڵ بەرپرسانی پادگان لەلایەن فەرماندەیەکی نیزامیی سپای شارۆچکەی ''ساڵح ئاباد''ی بانەوە کوژرا و هەتا ئێستا هیچ کاربەدەست، یان بەرپرسێکی ئەو مقەڕەی سپا لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە دەستگیر نەکراوە و ئەو بەرپرسانە لە نێو خەڵكدا دەنگۆی خۆکوژیی ''ئومید''یان بەهۆی هەبوونی کێشەی شەخسیەوە بڵاو کردووەتەوە.

پێشتریش رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵە لە پادگانی ئەرتشی نەغەدە، بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا و بەرپرسان هۆکاری مردنەکەیان خۆکوژی راگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە لە رێکەوتی ٤ی گەلاوێژ، بەهۆی بۆسە و تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، لە دەوروبەری گوندی ''موسالان''ی سەربە شاری سەردەشت، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی ''سالار فەخری'' کوڕی ''عەبدوڵڵا'' تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی ''نەڵۆس''، کوژرا.

سەرچاوەکانی سەربە حکوومەت رایانگەیاندووە، کە سنووری ئازەربایجانی رۆژئاوا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە پارێزگاری دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە ٩ی گەلاوێژ، لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەردەشت کاسبکارێک بە ناوی ''موسلح'' کوڕی ''محەممەد'' خەڵکی ئاوایی ''بێوەران''ی سەربە شاری سەردەشت، بریندار کرا و ئەسپ و بارەکەیشی لەناو چوون.

لەو پێوەندییەدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی ''وەفا پاداشت'' خەڵکی ئاوایی ''گرد باساکی'' سەربە پیرانشار لە شوێنێک بەناوی ''کڵاوی نوکان'' لە بۆسەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران گولەباران و بە توندی بریندار کرا و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

14424.jpg


خۆ سووتاندنی سێیەمین هاووڵاتیی کوردی لایەنگری ئەهلی حەق بە نیشانەی ناڕەزایەتی

لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣ هاووڵاتیی یارسانی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە سووکایەتیی هێزە حکوومەتییەکان بە ئایینەکەیان ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا.

14335.jpg
هاوڵاتی کوردی ئەهلی حەق بە ناوی ''محەممەد قەنبەری'' بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کران بە مەزهەبەکەی، ئاگری لە خۆی بەردا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
شەممە ٥ی گەلاوێژ، سێ‌یەمین هاوڵاتی کوردی ئەهلی حەق بە ناوی ''محەممەد قەنبەری'' بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر پەراوێز خستنی ملی مەزهەبی، ئاگری لە خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو لاوە ٢٥ ساڵە پاش ئەوەی لە بەرامبەر مەجلیسی ئیسلامیی ئێران خۆی سووتاند، دوای ٢ سەعات‌لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی ''ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەت لەمەڕ خۆسوتاندنی ئەو دوو هاووڵاتییەی پەیڕەوی ئاینی ئەهلی حەق لە هەمەدان'' خۆی سووتاند.

لە ناوەڕاستەکانی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا دوو هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئاینی یارسان بە ناوەکانی ''حەسەن رەزەوی'' و ''نیکمەرد تاهیری'' لەهەمبەر ناڕەزایەتی بە بێ حورمەتیی کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا کە شەپۆلێک لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لە شارەکانی کرماشان و سەحنە و بەشەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئاینی یارسان بە کەمینەییەکی ئایینی نەناسراوە و لەم ساڵانەی دواییدا لە راگەیاندنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو کەمایەتییە ئایینییە بە ''فرقە'' ناو براوە، کە ئەو کارەی حکوومەت ناڕەزایەتیی پێڕەوانی ئایینی یارسان و ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، لێکەوتەوە.


دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی حەفتەی رابردوودا:

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ١٣٩ حاڵەتی دەستبەسەرکردن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە.

رۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی سێ برای کورد بە ناوەکانی ''عوسمان، ئەحمەد و مەحموود عەبدوڵڵازادە'' خەڵکی ئاوایی ''نێو نەمام''، پاش پشکنینی ماڵەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراوان و سەردانی بەشە ئەمنیەتی و قەزایی‌یەکانی سەردەشت، بەرپرسان بێ ئاگایی خۆیان لە دەسبەسەر کرانی ئەو سێ هاووڵاتییە رایانگەیاندووە.

14334.jpg
هیوا مەعرووفی، چالاکی سیاسیی کورد
بە هەمان شێوە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ''ئەبووبەکر مەعرووفی'' باوکی چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی ''هیوا مەعرووفی'' کە لەم مانگانەی دواییدا بە ناچاری ئێرانی جێ هێشتبوو، لە رێکەوتی ٨ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رۆژی دووشەممە ٧ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی ''موجتەبا سوهرابی'' خەڵکی ئاوایی "دزڵی" سەربە ناوچەی هەورامان، دەستبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداری بارودۆخی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە.

14336.jpg
سەعدوڵڵا ئەسپەرناک،خەڵکی مەریوان
لەلایەکی دیکەوە و دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ١٥ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی ٢ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ''سەعدوڵڵا ئەسپەرناک'' خەڵکی مەریوان و ''رەحیم میرزایی'' خەڵکی ئاوایی ''سەرهوویە''ی سەربە شاری سنە، لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێن و هۆکاری دەستبەسەرکردنیان نییە.

بەپێی وتەی فەرماندەی هەنگی سنووریی خۆی کەلە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاوکراوەتەوە، ١٣٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنووری ''رازی''ی ناوچەی خۆی دەستبەسەر کراون و هەروەها ١١٧ ماشین لە مەرزی خوێ لە ماوەی حەفتەی رابردوودا زەوت کراوە.

پێشتر لە هەمان ناوچەی سنووریدا چەندین حاڵەتی وەکوو تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆلبەران و کاسبکاران رووی داوە و بووەتە هۆی کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بە کوشت چوونی ئەسپەکانیان و لەناوچوونی بارەکان.

بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی و ژێرخانی ئابووریی بەهێز لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هاووڵاتییانی کورد بەناچار روویان لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەر سنوورەکان کردووە.

14425.jpg


بەجێهێشتنی وڵات:

هەڵاتنی چالاکێکی سیاسیی کورد لەژێر گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات

چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی ''شاهۆ کەریمی'' خەڵکی شاری مەریوان رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەهۆی گوشاری ‌ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

ناوبراو لە رێکەوتی ٢٩ گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کراوە و لە هەمان رۆژدا هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە سیاسییە و وێڕای بێ حورمەتی کردن بە بنەماڵەکەی کۆمەڵێک لە کتێب و کۆمپیوتەری شەخسیی ئەو چالاکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ''کوێستان کەریمی'' هاوسەری ئەو چالاکە سیاسییە کوردە و خوێندکاری رشتەی ماف لە زانکۆی پەیام نووری مەریوان لەلایەن حەراسەتی ئەو زانکۆیەوە لە خوێندن دوور خراوەتەوە.

پێشتر شاهۆ کەریمی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئوپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا:

بەپێی ئەو هەواڵانەی کەلە ماوەی حەفتەی رابردوودا بڵاو کراونەتەوە، ٣ زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە و ٦ زیندانیی دیکەی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی مەهاباد لە بارودۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.

سێ زیندانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج بۆ پشتیوانی کردن لە زیندانیانی ئازەری زمان، مانیان لە خواردن گرتووە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ، ٣ زیندانیی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە ناوەکانی ''خالد حەردانی، ساڵح کۆهەندێل و شارۆخ زەمان" بە نیشانەی پشتیوانی لە مانگرتنی ٥ زیندانیی ئازەری زمان، مانیان لە خواردن گرت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە بارودۆخی شەش زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد نالەبارە و تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانە و ناوەنده ئەمنیەتییەکانەوە لەمەڕ چارەسەرکردنیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

یەکێک لەو زیندانییە سیاسییە کوردانە بە ناوی ''موحسین جەڵدیانی" تەمەن ٥٣ ساڵە و خەڵکی شاری شنۆ، تووشی نەخۆشی ''پوسیدگی'' بووە و دوکتورەکان پێیان راگەیاندووە کە بۆ چارەسەرکردن دەبێ بۆ دەرەوەی گرتووخانە بگوازرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی گرتووخانە ئیزنی چوونەدەرەوەی پێ نادەن.

فەرەیدوون (سمکۆ) عوسمانی، تەمەن ٢٦ ساڵ، یەکێکی دیکه لە زیندانییەکان، ماوەیەکە تووشی نەخۆشی دیسکی کەمەربووە و هەتا ئێستاش چەندین جار بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی لە بەرپرسانی زیندان داوای مەرەخەسی کردووە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی گرتووخانە هەتا ئێستا وەڵامێکیان بۆ داواکەی ئەو نەداوەتەوە.

14426.jpg


14427.jpg


گوشار و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی زیندانییان و چالاکانی سیاسیی کورد:

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەقز، سەرەڕای هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی ''نامێق مەحمودی'' لە ئاوایی ''ئیران ‌شار'' سەربە شارستانی سەقز، سووکایەتیشیان بەو بنەماڵەیە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە وتی: ''هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای سووکایەتی و هەڕەشە کردن لەو بنەماڵەیە، بە بیانووی دۆزینەوەی چەکوچۆڵ، هەموو بەشەکانی ماڵەکەیان پشکنیوە''.

''نامیق مەحموودی'' ٦٢ ساڵی تەمەنە و لە رێکەوتی ١٧ی خاکەڵێوەی ١٣٩١ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی ''مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد'' و کەسێکی دیکە بە ناوی ''عوسمان قادری'' لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە لە گوندی "ئێران‌شار" دەستبەسەر کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر بە شێوەی بەردەوام بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردیان بانگهێشت کردووە و داوایان لێ کردوون کە منداڵەکانیان بگەڕێننەوە بۆ ئێران کە ماوەیەک لەوەو پێش ناچار بە جێهشتنی ئێران بوون.

هەرلەو پێوەندیەدا ''عادل مورادی، بەختیار نەزەری و فوئاد ئەنگوشتان'' کەلە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩١، بە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام و ئەندام بوون لە حیزبە ئوپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوون، دوای دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوون، بنەماڵەی ئەو چالاکانە لە ژێر گوشاری توندی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم دان.

لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەی گوێ بیستی پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی بنەماڵەی ئەو چالاکانە دەبێ، ژمارەکانیانی خستوەتە لیستی رەشەوە و لە هەبوونی خەتی ئینتەرنێت بێ بەریی کردوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٨ بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراون.

راپۆرتی سەپاندنی حوکم بۆ هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ماوەی حەفتەی رابردوودا:

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە حەفتەی پێشوو بڵاوکراونەتەوە، بەگشتی ٤٣٩ ساڵ و ٦ مانگ حوکمی زیندانی بۆ هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دەزگا قەزایی‌یەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڕاوەتەوە.

رۆژی چوارشەممە ٢ی گەلاوێژ، نووسەر و وەرگێڕێکی کورد بۆ بەشی منداڵان لە شاری مەهاباد بە ناوی ''مەنووچیهر پەڕدڵ" بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و ئەندام بوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی حوکم درا.

ناوبراو لە مانگی رەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی دەستبەسەر کرا و دوای گەرانی ماڵ و دووکانەکەی و زەوت کردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلە شەخسییەکانی و نووسینەکانی لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەهەمان شێوە ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوە کوردەکانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە بەرپرسایەتیی قازی ''موقیسە'' دادگایی و بە زیندان حوکم دران.

رۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ، زیندانییەکی کورد لە زیندانی رەجایی‌شار بە ناوی ''فوئاد رەزایی'' کە پێشتر بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درابوو، سەرلەنوێ لە دادگای ئینقلابی تاران ٢ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپا.

''بەرزان عەبدوڵڵایی'' تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی شاری سنە کە لە ساڵی ١٣٨٩ دەستبەسەرکرابوو، سەرئەنجام دوای ٣ ساڵ دەستبەسەری، رۆژی دووشەممە ٣١ پووشپەڕ، لەدادگای ئینقلابی تاران دادگایی کرا.

بە وتەی یەکێک لە زیندانییانی گرتووخانەی رەجایی‌شاری کەرەج، رۆژی دووشەممە ٣١ پوشپەڕ، ٤ زیندانی دیکەی ئەو گرتووخانەیە بە ناوەکانی ''جەبار حەسەنی'' بە ١٠ ساڵ، ''جەماڵ قادری'' بە ٨ ساڵ، ''سیرووس حەمیدی'' بە ٢٠ ساڵ و ''بورهان ئەسغەریان'' بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم دران.

بەگشتی لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٤٣٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لەلایەن دەزگا قەزایی‌یەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە داسەپاوە.

14428.jpg


14429.jpg


ئیدارەی ئیتلاعات، سازمانی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە سنوورپارێزەکان و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکخراوەکان و ناوەندە حکوومەتییەکان لە حەفتەی رابردوودا ٢١٨ حاڵەتی پێشێل کاری مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکاندا ئەنجام داوە.


14436.jpg


14431.jpg


سەرچاوەکانی هەواڵ:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١١ حاڵەت)
کەمپەینی دیفاع لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی (٢ حالەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات (١ حاڵەت)
Balatarin

نوێترین هەواڵ


١٣٩٨/٠٢/٢٩ - ١٩-٠٥-٢٠١٩ - ١٨:٣٠ تاران

دوو کۆڵبەری کورد لە پیرانشاردا بریندار بوون

١٣٩٨/٠٢/٢٩ - ١٩-٠٥-٢٠١٩ - ١٢:٠٠ تاران

ئیتلاعات، هاووڵاتییەکی مەریوانیی دەسبەسەر کرد

١٣٩٨/٠٢/٢٩ - ١٩-٠٥-٢٠١٩ - ١٠:٢٠ تاران

دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی کورد لە مەریواندا

١٣٩٨/٠٢/٢٧ - ١٧-٠٥-٢٠١٩ - ١٢:١٥ تاران

سپای پاسداران، کاولکاری سەرەکیی سروشتی کوردستانە

١٣٩٨/٠٢/٢٧ - ١٧-٠٥-٢٠١٩ - ١١:١٧ تاران

خۆکوژیی ژنێک لە کرماشاندا

١٣٩٨/٠٢/٢٥ - ١٥-٠٥-٢٠١٩ - ١٣:٥٧ تاران

بانگی زانیاریی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان