کاسبکارێکی کورد لە سەردەشتدا بریندار بوو

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شارستانی "نەغەدە"، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت لە سەردەشتدا، بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "سیروان عەزیززادە"، خەڵکی خەلیفانی نەغەدە، لە ناوچەی چۆمانی سەردەشتدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت، بەتوندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیزامییانی حکوومەت، ماشینی ئەم کاسبکارە کوردەیان، بەبێ ئاگادارکردنەوە، داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلە و ماشین و کەلوپەلی ناوبراویان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەیە زیادی کرد: "ئەم کاسبکارە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە."

ئەم کاسبکارە کوردە، تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە و منداڵێکیشی هەیە.

لە لایەکی تریشەوە، شەوی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەحمەد حاجی عەلی"، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، لە ناوچەی "کانی زەرد"ی سەردەشتدا، بەتوندی بریندار بوو.

هەروەها چەند ڕۆژی پێش، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی شارستانی پیرانشاردا، کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دوای تەقەی ئەم هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئومید محەمەدپوور" بەتوندی بریندار بوو.
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/77363