لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای یەک مانگ بە سەر دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی کورد، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو، لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی "یاسین کەنعانی" خەڵکی شاری سەقز، پاش یک مانگ لە دەسبەسەر کرانی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان، لە کاتی گەڕانەوە لە تاران، لە شاری سەقز لەگەڵ "ئاسۆ ڕەمەزان‌زادە" لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپا، لە شاری سەقز ڕایگەیاند: لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین جار بنەماڵەی کەنعانی، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەست نەکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان هیچ زانیارییەکیان نییە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دوو قات کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەی باوەڕ پێکراوەی کوردپا، دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

یاسین کەنعانی، ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لێپریسنەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/76323