سێ هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠٢ دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار، سێ هاووڵاتیی کورد بە ٢٥ مانگ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی "باپیرە بەرزە، ئەحمەد قەلاتەڕەشی و سڵێمان محەممەدنژاد"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری پیرانشار بە ٢٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە، باپیرەبەرزە بە ٨ مانگ زیندان، ئەحمەد قەڵاتەڕشی بە ٥ مانگ و سڵێمان محەممەدنژاد، بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو سێ زیندانییە کوردە بەو حوکمە داسەپاوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیووە و دۆسیەی ئەو سێ زیندانییە کوردە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە، باپیرە بەرزە کوڕی عۆسمان خەڵکی گوندی "چیانە"، بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ میلیۆن تمەنی، ئەحمەد قەڵاتەڕشی بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن و سڵێمان محەممەدنژاد تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی "گەرگوول" بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ کراون.
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/75991