٧ هاووڵاتیی کورد بە ١٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ڕەبەتی سەرجەم بە ١٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٧ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ڕەبەت بە ناوەکانی "جەعفەر ڕەسووڵپوور، بەهمەن دەندانساز، محەممەد لەیلانە، محەممەد سویرو و ڕەسووڵ محەممەدئەمینی"، هەر کامیان بە یەک ساڵ و ٦ مانگ زیندان و وەفا حەیدەری و ئەیووب ئەحمەدی خەڵکی گوندی "جێربەند"، سەر بە شاری ڕەبەت بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ٧ هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران" مەحکووم کراون.

ئەم ٧ هاووڵاتییە کوردە هاوینی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە گرتنگە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

وێنە: جەعفەر ڕەسووڵپوور
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/75757