مردنی پەناخوازان لەسەدا بیست زیادی کردووە

ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ئەم ساڵی زایینییەدا، ٧١٨٩ پەناخواز و کۆچەر لەڕێگای گەیشتن بە وشکارۆی ئورووپادا گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تاکوو کۆتایی ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردووی ساڵی ٢٠١٦، بەشێوەی نێونجی لەڕۆژێکدا ٢٠ کەس لە پەناخوازان مردوون.

ئەو ئامارە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM) بەفەرمی ڕاگەیندراوە.

بەپێی ئەو ئامارە؛ ڕێگای تێپەڕین لە دەریای نێوەڕاست بە ڕێژەی لەسەدا شەستی بێ سەروشوێن‌بووەکان، مەترسیدارترین ڕێگە بۆ پەناخوازن ناو براوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران بە ١٦٥ ئەندام، گەورەترین ڕێکخراوی هاریکاریی نێوان دەوڵەتەکان لە جیهاندایە.

ئاماری بێ سەروشوێن بووەکان و قوربانیانی پەنابەر لە ساڵی ٢٠١٥، نزیک بە ٣٧٧٠ کەس ڕاگەیندرابوو.

لە ٧١٨٩ کەس کە تاکوو ئێوارەی ٢٥ سەرماوەز مردوون یان بێ‌سەروشوێن بوونیان تۆمار کراوە، ٤٨١٢ کەس لە ڕێگای دەریای نێوەڕاست بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئیتالیا، یۆنان، ئیسپانیا و قێبرێس گیانیان لەدەست داوە.

بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە لەکاتێکدایە کە؛ بەپێی بەراوردی ناوەندەکانی دیکە، قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە گەلێک زۆرترە، چوونکە زۆرێک لەو بەلەمانەی کە نوقم دەبن، پێشتر لە هیچ شوێنێک ناویان تۆمار نەکراوە.

پێشتر نووسینگەی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە؛ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە پەڕیوەی ئورووپا بوون، بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو سێ قات زیادی کردووە.
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/69590