18مانگ زیندانی تەعزیری و 12 ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو بۆ سێ‌ هاووڵاتیی كورد

كوردپا: دوابەدوای ئیعترازی سێ‌هاووڵاتیی شاری بۆكان بە بڕینەوەی یەك ساڵ زیندان لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە، لە ئەنجامدا دادگای پێدا چوونەوە هەر كامیانی بە شەش مانگ حەبسی تەعزیری و 4 ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو حوكم دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هەژار رەمەزانی، رەشید "كەریم شەل" و مەولوود خورشیدی سێ‌هاووڵاتیی شاری بۆكان لە زستانی ساڵی 1389 بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك حیزبە كوردییەكانی ئوپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرابوون.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە بۆكان لە زاری خزم و كەسەكانی ئەو سێ‌هاووڵاتییە كوردەوە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانە 10 رۆژ دوای گیرانیان هەر كام بە دانانی وەسیقەی 50 میلۆن تمەنی ئازاد كران.

هەر لەو پێوەندییەدا دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد هەر یەك لەو سێ‌هاووڵاتییە كوردەی بە یەك ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دابوو و دوابەدوای ئیعتراز كردن بەو حوكمە، دادگای پێدا چوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا هەر كامی بە 6 مانگ حەبسی تەعزیری و 4 ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی حوكم دا.

هەژار، رەشید و مەولوود خەڵكی گوندی "كوول ئاباد"‌ی سەر بە شاری بۆكانن.
سه‌رچاوه http://www.kurdpa.net/sorani‌ به‌سته‌ری بابه‌ت http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/3897